شارپرێس
پەرلەمانی عێراق هەمواری
یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی لەشفرۆشی و لادانی سێكسی پەسەندكرد، جگە لە سزاى زیندانى
لە حەوت ساڵ تا ١٥ ساڵ سزاى مادیش دیاریکراوە.
ئەمڕۆ، پەرلەمانی عێراق
بە سەرۆكایەتی موحسین مەندەلاوی كۆبووەوە و بە زۆرینەی دەنگی زیاتر لە ١٧٠ پەرلەمانتاری
ئامادەبوو، یاسای هەمواری یەكەمی یاسای نەهێشتنی لەشفرۆشی ژمارە (٨)ی ساڵی ١٩٨٨ی پەسەند
كرد و ناوی یاساكەی لە (یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی لەشفرۆشی) گۆڕی بۆ (یاسای ڕووبەڕووبووونەوەی
لەشفرۆشی و لادانی سێكسی).
بەپێی هەمواری یاساكە،
لەشفرۆشی بریتییە لە (ئەنجامدانی زینا لەگەڵ زیاترلە كەسێكدا لەبەرامبەر پاداشتێكدا
یاخود بێبەرامبەر) و هەروەها لادانی سێكسی یان هاوڕەگەزخوازی بریتییە لە (پەیوەندی
سێكسی لەنێوان دوو كەس لە یەك رەگەز، نێر و نێر یاخود مێ و مێ).
یاساكە (ئاڵوگۆڕی ژنان
بەمەبەستی سێكسی) وەكو لادانی سێكسی دیاریكردووە و هەروەها (نێوەندگیری بە مەبەستی
كاری سێكسی) و (ماڵی لەشفرۆشی) قەدەغە كردووە و بەتاوان هەژماری كردووە.
هەر لە یاساكەدا، سزای
زیندانی و غەرامە دیاری كراوە، كە بەپێی جۆری تاوانەكان لە حەوت ساڵ زیندانی كردنەوە
تاوەكو ١٥ ساڵ دیاری كراوە لەگەڵ غەرامەی لە پێنج ملیۆن دینارەوە تاوەكو ١٥ ملیۆن
دینار.