توێژینەوەیەکی ئەڵمانی: هەزار ساڵ پێش ئێستا نەشتەرگەریی جوانکاریی کراوە

هەمەڕەنگ

28/04/2024‌ 411 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

توێژەرانی ئەڵمانی، لەمۆزەخانەی ڤایکینگ هیتابۆو زانکۆی ئێرمینستەر، بۆیان دەرکەوتوە کە ژنانی ڤایکینگ پێش هەزار ساڵ نەشتەرگەری جوانکارییان بۆکراوە، دوای ئەوەی سێ کاسەسەری درێژیان لەگۆتلاند دۆزیوەتەوە کە دورگەیەکی سەر بەسویدە لەدەریای باڵتیک، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پێگەو جوانی.


ماتیاس تۆپلاک شوێنەوارناس لەمۆزەخانەکەو توێژەری سەرەکیی دەڵێت:"شێواوی سەری لەناوچەی دەریای بەڵتیک بابەتێکی باو بوو و تەنها پێشتر لەمیزۆئەمریکا لەکولتورە ڕەسەنەکانی ئەمریکاو ئۆراسیادا ناسرابوو، ئەمەش وایکردوە ئەمە یەکەمجارە لەگەلێکی ڤایکینگدا بدۆزرێتەوە".

باسی لەوەشکردوە، ئەگەری ئەوە هەیە کە کاسەسەریان درێژکردبێتەوە وەک نیشانەی پێگەو جوانی‌و نازانین ئەم سێ ژنە لەکوێ گەورەبون‌و سەریان لەکوێ شێواوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، "پێمانوایە کاسەسەرەکان بەئەگەرێکی زۆرەوە لەساڵی یەکەمی ژیانیاندا گۆڕانکاریان بەسەرداهاتووە، کاتێک ئێسکەکان هێشتا ئەوەندە نەرم بون کە بتوانن بگۆڕدرێن، ئەویش بەپێچانی پەڕۆ بەدەوری سەری کۆرپەکەدا بۆ درێژکردنەوەی کاسەسەرەکەی.

لەدرێژەی قسەکانیدا وتویەتی:"هەرچەندە ژنان دەیانتوانی شێواوی دەستکردی کەلەسەر وەک هێمای جوانی بەکاربهێنن، بەڵام ئەگەری ئەوە زیاتربوو کە وەک بەڵگەیەک بۆ پەیوەندییە بازرگانییە دورودرێژەکان سەیربکرێن‌و دواجار وەک هێمای کاریگەریی‌و سەرکەوتن لەبازرگانیدا".

و: ئاکۆ ئاڵی