شارپرێس:
شاری ڕومادی لە پارێزگای ئەنبار دوای دیزاینکردن و دانانی گەورەترین “دیشداشە” لە جیهاندا لەبەردەم کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون، ناوی چووە ناو کتێبی گینسەوە.
خاوەن بیرۆکەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەیان بەوە کردووە، بۆ ئەم مەبەستە گەورەترین ئامێری دروومانیان لە عێراق کڕیوە، و 700 مەتر قوماشیان بەکارهێناوە.
یەکێک لە بەشداربووانی ئەم کارە جەختی لەوەکردۆتەوە کە درێژی دیشداشاکە 22.3 مەتر بووە و پانییەکەی 8.4 مەتر بووە و کێشی 160 کیلۆگرام بووە، لە کاتێکدا کێشی کۆنکرێتی تاوەری هەڵگری دیشداشەکە گەیشتووەتە 65 تۆن.
هەروەک وتویەتی: پەیوەندیمان بە ئەنسکلۆپیدیای گینسەوە کرد و باوەڕپێکراوی جیهانیمان دەستکەوت، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ژمارەیەی پێشتر لە کتێبەکەدا تۆمارکراوە بۆ دیشداشایەک بووە کە درێژییەکەی 13.7 مەتر و پانییەکەی 5.5مەتر بووە.
جەختیشی لەوە کردەوە کە هەڵبژاردنی ئەوان بۆ دیزاینکردن و دورینی دیشداشاکە بۆ تیشک خستنە سەر و شانازیکردن بووە بە کولتوور و جلوبەرگی عەرەبی، بۆئەوەی لەوڕێگایەوە بۆ جیهان بیسەلمێنن کە شارەکانی عێراق لە گەشەکردندان و بزووتنەوەیەکی ئاوەدانکردنەوەیان تێدایە".
و: ئاکۆ ئاڵی