ڕوسیا بەخێرایی لەڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا پێشڕەویی دەکات

جیهان

30/04/2024‌ 4508 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئۆلێکساندر سێرسکی فەرماندەی باڵای هێزەکانی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، دۆخی بەرەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا "خراپتر" بوەو هێزەکانی ڕوسیا "سەرکەوتنی تاکتیکی"یان لەچەند بەرەیەکی ئۆپەراسیۆنی شەڕدا بەدەستهێناوە.


سیرسکی لەپۆستێکیدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام نوسیویەتی، "بارودۆخەکە لەبەرەکان خراپتر بوە لەگەڵ ئەوەی (هێزەکانی ڕوسیا) بەدرێژایی هێڵی پێشەوە هێرشدەکەن‌و سەرکەوتنی تاکتیکی لەسەر ژمارەیەک میحوەر بەدەستدەهێنن، بۆیە گۆڕانکارییەکی دینامیکی لەدۆخەکەدا  دەبینن".

سێرسکی ئاماژەی بەوەدا، بارودۆخی سەر میحوەرەکانی پۆکرۆڤسکی‌و کۆراخۆڤسکی، لەبەشی کۆماری گەلی دۆنێتسک کە لەلایەن کیێڤەوە کۆنترۆڵکراوە، بۆ سوپای ئۆکرانیا قورسترینە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی ئۆکرانیا بەرەو ڕۆژئاوای شارۆچکەکانی بێردیچی، سێمێنۆڤکاو نۆڤۆمیخایلۆڤکا لەکۆماری گەلی دۆنێتسک پاشەکشەیان کردوە.

بەوتەی ئەو فەرماندە سەربازییە ئۆکرانیا، یەکە سەربازییەکانی ئۆکرانیا لەسەر میحوەری خارکۆڤ بەیەکەکانی تۆپ‌و تانک بەهێزکراون.

یەکشەممەى ڕابردوش وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا ڕایگەیاند، یەکەکانی هێزی "سەنتەر"ی ڕوسیا شارۆچکەی نۆڤۆپاخموتۆڤکایان لەکۆماری گەلی دۆنێتسک ڕزگارکردوە.

پێشئەوەش ڕوسیا ڕایگەیاند، گوندی نۆڤۆپاکموتیڤکای بەرەی ڕۆژهەڵاتى کۆنترۆڵکردوە دەکەوێتە ناوچەیەکەوە کە هێزەکانی ڕوسیا لەماوەی هەفتەی ڕابردودا بەخێرایی پێشڕەوییان تێداکردوە.

وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا لەڕاپۆرتی ڕۆژانەی خۆیدا ڕایگەیاندوە، "لەڕێگەی ئۆپەراسیۆنە چالاکەکانەوە، یەکەکانی گروپی هێزە ناوەندییەکان گوندی نۆڤۆپاخموتیڤکایان ئازادکرد کە دەکەوێتە باکوری ڕۆژئاوای شاری ئاڤدیڤکا، کە مۆسکۆ لەمانگی شوباتی ڕابردودا دەستی بەسەرداگرت".

فەرماندەی باڵای هێزەکانی ئۆکرانیا ئۆلیکساند سێرسکی لەمانگی نیساندا دانی بەوەدانا کە دۆخی بەرەی ڕۆژهەڵات "بەشێوەیەکی بەرچاو تێکچوە".

ئاماژەی بەوەشکردوە، لەمانگی ئادارەوە هێرشەکانی ڕوسیا "چڕتربونەوەی بەرچاو"یان بەخۆوە بینیوە، ئەمەش بوەتە هۆی "سەرکەوتنی تاکتیکی".

هەروەک، ئاژانسی هەواڵی ئینتەرفاکس لەزاری وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا بڵاویکردەوە، هێزەکانی ڕوسیا بەرپەرچی زنجیرەیەک دژە هێرشی ئۆکرانیایان لەنزیک چاسیڤ یار داوەتەوە، ئەمەش ناوچەیەکی گرنگی دیکەی ناوچەکەیە کە پێکدادانی توندی لەنێوان هەردولادا بەخۆوە بینیوە.