دوو کۆمپانیای گەورەی دەرمانسازیی ئەمریکی ڤاکسینی تایبەت بەشێرپەنجەی پێست‌و سییەکان بەرهەمدەهێنن

تەندروستی

30/04/2024‌ 1591 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆمپانیاکانی دەرمانسازی ئەمریکی "مۆدێرنا"و "مێرک ئەند کۆ" تاقیکردنەوەیەکیان بۆ یەکەمین ڤاکسینی شێرپەنجەی پێست لەسەر نەخۆشانی بەریتانی ئەنجامداو ئەنجامە سەرەتاییەکانیش مژدەیەکی خۆشیان بۆ ئەوکەسانە دەرخست کە بەدەست مەترسیدارترین جۆری شێرپەنجەی پێستەوە دەناڵێنن، کە ئەویش "میلانۆما" یان "شێرپەنجەی پێستی میلانۆما"یە.


دیزاینی ڤاکسینی تاکەکەسی لەسەر بنەمای تەکنەلۆژیای ترشی ڕیبۆنۆکلیکی نێردراو دامەزراوە کە بە "mRNA" ناسراوە، و کاردەکات بۆ "فێرکردنی" جەستە بۆ دەستنیشانکردن و ڕاوکردنی خانە شێرپەنجەییەکان، و ڕێگریکردن لە دووبارە گەڕانەوەیان ، واتە یارمەتیدانی سیستەمی بەرگریی نەخۆشەکە کە دژی نەخۆشییەکە بەرگریی لەخۆی بکات.

ئەنجامەکان بەسەرۆکایەتی نەخۆشخانەکانی کۆلێج لەندەن کە سەر بەخزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانیی لەبەریتانیا، باشتربوونی بەرچاوی لە چانسی مانەوەیان بۆ ئەو کەسانە نیشان دا کە مەترسیدارترین جۆرەکانی شێرپەنجەی پێستیان هەیەو قۆناغی کۆتایی تاقیکردنەوەکان بۆ چارەسەرەکە لەئێستادا لەئارادایە کە زانایان هیوادارن بۆ وەستاندنی شێرپەنجەی سییەکانیش بەکاریبهێنن.

ڕۆژنامەی "دەیلی مەیل"ی بەریتانی لەڕاپۆرتەکەیدا ڕوونیکردۆتەوە، ڤاکسینە نوێیەکە کە بڕیارە لەسەر 1100 نەخۆش لەسەرتاسەری جیهان تاقیبکرێتەوە، چارەسەرێکی تاکەکەسییە کە بە"mRNA-4157 (V940)" ناسراوەو مۆلیکولێکی بۆماوەیی تێدایە بەناویmRNA ، کە ڕێنماییەکان دەگوازێتەوە بۆ بنەمای دروستکردنی پرۆتین لە خانەکاندا، ئەمەش وایان لێدەکات هەندێک پرۆتین بەرهەمبهێنن.

ئەم ڤاکسینە تاکەکەسییە بۆ هاندانی سیستەمی بەرگریی لەش دروستکراوە، بۆ ئەوەی بتوانێت بەرەنگاری جۆرێکی دیاریکراوی گرێی شێرپەنجەیی لە نەخۆشەکەدا ببێتەوە.

بۆ دروستکردنی دەرزی ڤاکسینەکە، نمونەیەک لە وەرەمەکە لە کاتی نەشتەرگەریی بۆ نەخۆشێکی شێرپەنجە دەردەهێنرێت، دواتر زاناکان لێکۆڵینەوە لە ڕێکوپێکی بۆماوەیی وەرەمەکە دەکەن بۆ دیاریکردنی ئەو پرۆتینانەی کە خانە شێرپەنجەییەکان بەرهەمیان هێناوە، بەمەبەستی هاندانی وەڵامدانەوەی بەرگری لەش.

لۆڕێنس یۆنگ، مامۆستای شێرپەنجەی گەردیلەیی لە زانکۆی وارویک، کە بەشداری توێژینەوەکە نەبووە، دەڵێت: ئەم ڤاکسینە یەکێکە لە پێشکەوتنە سەرنجڕاکێشەکان لە چارەسەرکردنی شێرپەنجەی پێست.

و: ئاکۆ ئاڵی