شه‌ش هۆکار کە ئەگەری توشبون بەجەڵتەی دڵ زیاد دەکەن

تەندروستی

30/04/2024‌ 1255 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

خاچی سوری ئەڵمانی ڕایگەیاند، جەڵتەی دڵ کاتێک ڕودەدات کە یەکێک یان زیاتر لەخوێنبەرەکانی تاجی لەناکاو دەگیرێن، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمی گەیاندنی خوێن بۆ ماسولکەکانی دڵ، ده‌شڵێت:"لەخراپترین حاڵەتدا سستبونی دڵ‌و مردن ڕودەدات".


خاچی سور ڕونیشیکردەوە، ئەو هۆکارانەی کە دەبنە هۆی توشبون بەجەڵتەی دڵ بریتین لەبەرزبونەوەی پەستانی خوێن، بەرزی کۆلیسترۆڵ، نەخۆشیی شەکرە، قەڵەویی، جگەرەکێشان، ئەمە جگە لەتەمەنی زۆر.

نیشانەکان
نیشانەکانی جەڵتەی دڵ بریتین لە زەرهەڵگەڕانی رووخسار، هەستکردن بە ئازارێکی زۆر لە پشت ئێسکی مەمکەوە، هەستکردن بە ئازار لە قۆڵی چەپ یان شان، هەناسە تەنگی، و ئارەقکردنەوە.
هەروەها نیشانەکانی بریتین لە ئازاری ددان و چەناگە، ئازاری پشت، لاوازی، ماندوێتی زۆر، سکچوون و ڕشانەوە.

پێویستە هەر کە ئەم نیشانانە هەستیان پێکرا پەیوەندی بە ئەمبولانسەوە بکرێت، بەو پێیەی هەموو خولەکێک لە ڕزگارکردنی ژیانی نەخۆشەکەدا گرنگە.

بۆ ڕێگریکردن لە جەڵتەی دڵ، پێویستە شێوازێکی ژیانی تەندرووست پەیڕەو بکەیت لەسەر بنەمای خۆراکی تەندرووست، واتە زیادکردنی خواردنی سەوزە و میوە و چەرەسات و دانەوێڵەی تەواو، لە هەمان کاتدا شەکر و خوێ و چەوریی کەم بکەیتەوە، و دوور بکەویتەوە لەخواردنی ئامادەکراو و خواردنی خێرا، جگە لە بەردەوامبوون لە وەرزشکردن و کارکردن بۆ دابەزاندنی کێش و وازهێنان لە جگەرەکێشان.

و: ئاکۆ ئاڵی