ڕاپۆرتێک: عێراق ناتوانێت لەگرژییەکانی نێوان ئێران‌و ئیسرائیل بێلایەن بێت

عیراق

02/05/2024‌ 137 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئینستیتیوتی ئیتاڵی بۆ لێکۆڵینەوەی سیاسەتی نێودەوڵەتی لەڕاپۆرتێکدا ڕۆشنایی خستوه‌تەسەر ئاستەنگە ناوخۆیی‌و دەرەکییەکانی بەردەم عێراق‌و ڕایگەیاندوە، پەیوەندییە نزیکەکانی بەغدا لەگەڵ ئێران خەریکە عێراق دەگۆڕێت بۆ وڵاتێکی ناسەقامگیر تەنانەت لەسەر ئاستی هەرێمیش، دەشڵێت، لەبەر ڕۆشنایی زیادبونی گرژییە ناوچەییەکان، بۆ عێراق قورستر دەبێت کە نەخلیسکێتەسەر گرژییە ناوچەییەکانی نێوان ئێران‌و ئیسرائیل، لەکاتێکدا هەوڵیشدەدات بەوردی بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ ئێران‌و لەگەڵ ڕۆژئاوا هاوسەنگ بکات.


لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە، پێدەچێت مەحاڵ بێت عێراق لەگرژییەکانی ئێران‌و ئیسرائیل دوربکەوێتەوە، بەوپێیەی زۆرێک لەمیلیشیاکانی سەر بەئێران بەشێکن لەهێزەکانی حەشدی شەعبی بەیەکێک لەلقە فەرمییەکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق دادەنرێت، واتە کە یەکێک لەئۆرگانەکانی دەوڵەتی عێراق هێرشدەکاتەسەر وڵاتێکی بیانی، بەبێ مۆڵەتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، واتە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران.

لەڕاپۆرتەکەدا لەزاری توێژەرانەوە ئاماژەیان بەوەکردوە، عێراق‌و تورکیا لیستێکی دورودرێژیان هەیە بۆ پاراستنی پەیوەندییە توندوتۆڵەکانیان لەڕوی پرەنسیپەوە، وەک ئاو، وزە، بۆری گواستنەوەی نەوت، ڕێگه‌وبان، ئاسایش‌و بازرگانی، بەڵام پاڵنەری سەرەکیی تورکیا بۆ بەردەوامبونی نزیکبونەوەی لەعێراق، سنوردارکردنی توانای گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستانە بەتایبەتی لەشنگال‌و مەخمور.

ئەوەش هاتوە، توێژەران ئاماژەیان بەوەکردوە، بەغدا وردە وردە ئۆتۆنۆمی هەرێمی کوردستانی لەژێر ڕێنمایی‌و کاریگەریی حەشدی شەعبی سنوردارکردوەو دەشڵێن، ڕێکەوت نییە کە ڕێبازی دوژمنکارانەی بەغدا بەرامبەر بەهەرێمی کوردستان هاوکاتە لەگەڵ زیاتر گەشەکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی‌و هەڵکشانی گرنگییەکەی، بەوپێیەی ئەو هێزانە پەرلەمانیان کۆنترۆڵکردوەو کاریگەرییەکی زۆریشیان لەسەر نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق هەیە.

لەکۆتاییدا دەڵێت:"کێشەی نەوت تائێستا ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی هەیە لەدیاریکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغداو هەولێر".

ڕونیشیکردوه‌تەوە، لەماوەی  10 ساڵی ڕابردوەوە ئەوە بابەتێکی تازە نییە، بەوپێیەی لەساڵی 2014وە کە هەرێم بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەڕێگه‌ی تورکیاوە نەوتی هەناردە کرد، بەغدا بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی.