سەرنجبدەن بزانن عەرەب چۆن سەرکردەکانی خۆیان دەپارێزن و ڕادەستی دوژمنەکانیان ناکەن!. ئیسماعیل هەنییە و خالید مەشعەل دوو سەرکردەی دیاری بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینن و شەڕ دژی ئیسرائیل دەکەن ، لە وڵاتێکی بچوکی وەک قەتەر داڵدە دراون ، ئیسرائیل بە هەموو هێزی خۆی و لۆبی کاریگەریی لەسەر ئەمریکا و ئەوروپا ، بەڵام ناتوانێت پێیان بگات ، یان فشارە زۆرەکانی نەگەیشتۆتە ئەو ڕادەیەی قەتەر و وڵاتانی تری عەرەب ڕادەستی ئیسرائیلیان بکەن !.
بەپێچەوانەوە عەرەب بەرگرییان لێدەکەن و دەیانپارێزن و هۆشداریشیان بە ئیسرائیل داوە کە نەکەن لە وڵاتەکانیان هەوڵی تیرۆر کردن یان فڕاندنیان بدەن، ئێمەی کورد لە ڕابردوودا چەندین سەرکردە و ڕابەری شۆڕشگێڕمان لە لایەن دوژمنانەوە لە سێدارە دراون یان تیرۆر کراون یان ڕفێنراون و لە کونجی زیندان خزێنراون چونکە نەمانتوانیوە بیانپارێزین !.
کوردی دەیان ملیۆن کەس و دەیان حیزب و چەندان زۆنی ئازاد نەیتوانیوە سەرکردەکانی خۆی بپارێزێت و بەرامبەر بە پاکتاوکردن و دەستگیرکردنی سەرکردەکانی ژیان لە دوژمنەکانی بکات بە دۆزەخ !.
بۆ کورد بەرامبەر دەستگیرکردن و نەفیکردنی شێخ مەحمودی حەفید بۆ هیندستان نەیتوانی یەک دەنگ و یەک هەڵوێستبن و بەرامبەر بەو هەنگاوەی داگیرکاران بوەستنەوە ؟
بۆچی قازی محەمەد کورد لە باشوور یان ڕۆژئاوا یان باکوور نەیانگرتە خۆ و بیپارێزن تا بەو ئاسانییە بە پەتدا نەکرێت ؟
بۆچی مەلا مستەفا ناچاربوو بەرەو ڕوسیا هەڵبێت و لەوپەڕی دونیا بمرێت و پارچەیەکی کوردستان نەبوو گەرەنتی مانەوەی بداتێ؟
بۆ کورد نەیتوانی بەر بە ڕادەستکردنی خاڵە شیهاب و هاوڕێکانی بگرێت و نەهێڵرێت لە سێدارە بدرێن ؟
بۆ کورد لە چوار پارچە نەیانتوانی ئۆجەلان بگرتنەخۆ تا ناچار نەبێت وڵاتە و وڵات خۆی بشارێتەوە تا دوایی بفڕێنرێت ؟ ئەی ئێستا بۆ ناتوانن فشار بکەن ئەو و دەمیرتاشیش ئازاد بکرێن ؟
ئەی ئێستا کورد بۆ ناتوانێت سەرکردە خەباتکارەکانی ( پەکەکە و دیمۆکرات و کۆمەڵە ) لە خۆبگرێت و ناچار نەبن ئاوارەی وڵاتانی تر ببن کە هیچ گەرەنتییەک نییە لە چرکەیەکدا ڕادەستی وڵاتە داگیرکارەکانیان نەکەنەوە ؟
ئێمە گەلێکین نە خۆمان و نە سەرکردەکانمان ناپارێزین و گلەیی لە دوژمن دەکەین ، ئەبێت چاو لە گەلی ئەفغان بکەین کە مەلا محەمەد ئاخوندی ڕابەری تاڵیبانیان لە خۆگرت و لەسەردەمی داگیرکاریی ئەمریکاشدا پشتیان لێنەکرد و نەتوانرا دەستگیربکرێت یان بکوژرێت، پەند لە عەرەب وەربگرین کە حەسەن نەسروڵا و هەنییە و مەشعەل و عەبدولمەلیک حوسی دەپارێزن و ڕێگە نادەن بە ئاسانی دوژمن دەستی پێیان بگات !.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی