ڕێککەوتنی هەمووان ، ترسناکترین دەستەواژەیە ، گشتگرانە ، جگە لەوەی تاک بەتاکی ئینسانی کورد دەگرێتەوە ، هەمووانە سیاسیەکەشی ، لەناوخۆی هەرێمدا دەکاتە پارتی ، یەکێتی ، گۆڕان ، یەکگرتوو ، کۆمەڵ ، نەوەی نوێ ..هتد .
لە عێراقدا دەکاتە حکومەتی هەرێم ، حکومەتی بەغدا ، بە
ڕەوتە جیاوازەکانی پشت حکومەت و پارلەمانی عێراقیشەوە .
لە ناوچەکەشدا ، دەکاتە ئێران و ئەمریکا و ڕوسیا و ئیسرائیل .
هەمووانەکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە د .ئاسۆ فەرەیدون ، هەم ئەندامی حیزبەکە و هەم ئەندامی فراکسیۆنەکەیانە لەپارلەمانی بەغدا ، بێدەنگبوونیان لەو لێدوانە ، ئاماژەیە بۆ ڕاستی نوقڵانەی گەلەکۆمەکە و بەشداری کردنی یەکێتی لەو ئۆپراسیۆنە سەربازیەی تورکیادا ..
دەنا لێدوانێکی ئاوا ، بەو گشتگری و هەمووانەوە ، تەتەڵەی زمان نیە ، لەپشتیەوە وەک ئاماژەی پێ دراوە ڕێکەوتنێک هەیە ، کە بەگوێرەی هەمووانەکە ، گەورەترین ناپاکیە لەمێژووی دوور و نزیکی کورددا ڕوودەدات .
ئەگەرچی لەناو ئەو هەمووانەدا، ئێمە یەکێکین لەو هەزارانەی دژ بەو رێکەوتنە ناپاکەین کە ئاسۆ فەریدوون وەک یەکێک لە هەمووانە رێککەوتووکە شەرەفی مژدانەکەی پێ بەخشراوە . لەهەمان کاتدا ڕێکەوتنەکەش هەروا گەمەیەکی ئاسان نیە لەناوچەکەدا بگوزەرێت . بەدڵنیایی بەر لە هەمووانەکەی ئێمە ، هەمووانەکەی ئەوانی پێوە دەسوتێت ..
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی