كورد نووسراوێكی 3 خاڵی دەداتە كوتلەی عەرەبی‌و توركمانی لەكەركوك

عیراق

08/12/2017‌ 953 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كاندیدی كوتلەی كوردی بۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك، دەڵێت 3 خاڵیان خستووەتە بەردەم لیستی عەرەبی و توركمانی و چاوەروانی وەڵامی ئەو دوو كوتلەیەن بۆ دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی ئەنجوومەن.

جوان حەسەن كاندیدی یەكگرتوی ئیسلامی بۆ جێگرەوەی رێبوار تاڵەبانی، بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاند "لەبەر بارودۆخی خراپی كەركوك رێبوار تاڵەبانی كەركوكی جێهێشتووە، ئێستاش ئامادە نیە بگەرێتەوە، كوتلەی عەرەبی و توركمانیش رەتیدەكەنەوە بەشداری دانیشتنەكانی ئەنجومەن بكەن گەر كاك رێبوار سەرپەرشتی بكات."

جوان راشیگەیاند "یەكگرتووی ئیسلامیش لەبەر خاتری هێوركردنەوەی دۆخی كەركوك، ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ لابردنی كاك رێبوار و كاندیدكردنی من بۆ جێگرتنەوەی."

ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك لە 41 كورسی پێكدێت، كوتلەی كوردی خاوەنی 26 كورسی و توركمان 9 كورسی و عەرەب 6 كورسی هەیە، پارتی دیموكراتی كوردستان و ژمارەیەك ئەندامی تر كەركوكیان جێهێشتوە و لەئێستادا ئامادەی گەرانەوە نین.

بەپێی وتەی كاندیدەكەی كوتلەی كوردی بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا، هەفتەی رابردوو لیستی برایەتی نوسراوێكی 3 خاڵی داوەتە كوتلەی عەرەبی و توركمانی و تێیدا ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی ئەنجومەن نیشانداوە.

جوان حەسەن هەروەها وتی: "لەنوسراوەكەدا لاریمان نەبونمان بۆ ئەنجامدانی كۆبونەوەكان لەناو هۆڵی ئەنجومەنی پارێزگا و لابردنی كاك رێبوار نیشانداوە، هەروەها لەخاڵی سێیەمیشدا داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی هەماهەنگیمان لەهەر سێ پێكهاتەكە كردووە، تا كاتی هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆك ئەنجومەن سەرپەرشتی دۆخەكە بكات."

هەرچەندە كورد بەشێك لەمەرجەكانی كوتلەی عەرەبی و توركمانی قەبوڵ كردووە، بەڵام تائێستا عەرەب بێدەنگی هەڵبژاردووە و توركمانیش یەكدەنگ نین، بەو پێیەی كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەن زۆرەو بەشێكیشیان داوای پۆستی پارێزگار دەكەن.

هـ ـ ح