حیزبایەتی و گەنجە بێ پشتەکانی وڵات

بیروڕا

18/02/2018‌ 941 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بەشی دووەم
ئێستا لەناو حیزبی کوردیدا گرووپگەل پەیدا بوونە، ئیشوکارییان بووەتە گواستنەوەی زانیاری هەڵە بۆ سەرووی خۆیان، هەندێکجار ئەو گرووپانە خۆیان بە دڵسۆز نیشاندەدەن، بەڵام بە لێوردبوونەوە لە توانا و ئامانجەکانییان جگە لە پەتایەک، مۆرانەیەک بۆ بنکۆڵکردنی پێگەی حیزب، هیچی دیکە نین و لە پەنای دڵسۆزییەوە بۆ گەل، ژەهر دەرخواردی گەل دەدەن کە دواجار ئەو ژەهرە رەنگە کاریگەرییەکەی بگاتە گەدەی حیزب و پەیکەری حیزب لە پێشچاوی خەڵکیدا لەرزۆک بکات. یەکێک لە کێشەکانی بەردەم ئەو گرووپە هەرچی و پەرچیانە رەخنەگرتنە لێیان و درککردنە بەو گەمە ترسناکەی لەژێر چەتری حیزبدا ئەنجامی دەدەن و لە دیوێکی دیکەوە خەریکی ئیشوکاری خۆیانن، هەر لە پڕکردنی گیرفانەوە، هەتا تێرکردنی ناو گەڵیان، واتە زۆربەیان پێگەی حیزب بۆ بەرژەوەندی شەخسی و گیرفان و گەڵیان بەکاردێنن.

ئەو گرووپە هەرچی و پەرچیانە جگە لە خشتەبردنی سەرووی خۆیان، هیچی دیکە نین، راستە بڕوانامەی بەرزیان هەیە و هەر رۆژەی لەسەر کەنار و لە وڵاتێکدا دەردەکەون، بەڵام لە عەقڵدا بەتاڵن و لاوازی خۆیان بە پارە و پێگەی حیزبی دەشارنەوە، ئەو گرووپانە وێنایەکی وایان داوەتە سەرووی خۆیان گوایە دڵسۆزی حیزبن، کەچی لە جەوهەردا رۆژانە دەیان گەنج لە حیزب دەتۆرێنن و لەو لاوەش راوە ژن و پارە دەکەن! چونکە ترسیان لە توانای هەموو کەس هەیە و ناهێڵن جگە لە خۆیان هیچ کەسی دیکە دروست بێت، بەپێچەوانەوە کاتێک یەکێک لەسەر بنەمایەکی دروست و بە ماندووبوونی خۆی دەناسرێت، ئیدی ئەو هەرچی و پەرچیانە وەک گورگ پەلاماری دەدەن و بە هەموو شێوەیەک کار لەسەر پەراوێزخستنی دەکەن، ئاخر ئەوان ترسنۆکن لەبەر ئەوەی هیچ نین و تەنیا لە خۆنمایشکردندا شارەزان، بەڵێ ئەو گرووپانە قسەی زلزل دەکەن و خەڵکیش بە دژە نیشتمان و دژە حیزب تۆمەتبار دەکەن، کەچی خۆیان لە بەرگی گورگدان و هەرچی شتی خراپە دەرهەق بە حیزبی کوردی و رەمزە نەتەوەییەکان دەیکەن، لەناو ئەو گرووپانەدا نەتەوە و حیزب، میکانیزمن بۆ پڕکردنی گیرفان و ئامادەن رۆژی سەدان بوختان و درۆش لە بەرگی زانیاری و بۆچوونی سیاسیدا بە خەڵک بفرۆشنەوە، بەڵێ ئەو هەرچی و پەرچیانە هێندە ناواقیعین، تەنانەت نایانەوێت کۆمەڵگە بۆ یەک رۆژیش ئارامی بەخۆیەوە ببینێت، چونکە بوونی خۆیان لە ئاڵۆزی و ناتەبایی ناو حیزبەکان دەبیننەوە، هەمیشە زانیاری ساختە دەگەیەننە شوێنی مەبەست، ئەگەر بیانەوێت لە ماوەی یەک رۆژدا وێنای جیاواز جیاواز بە کۆمەڵگە و سەرووی خۆیان دەگەیەنن، بۆ ئەوەی خۆیان لە لای گەورەکانیان وا نیشان بدەن گوایە ئەوان دەتوانن کۆمەڵگە بگۆڕن، وێنایەکی وا دەگەیەنن گوایە زۆرینەی کۆمەڵگەیان لەگەڵدایە، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیعدا هیچ یەکێک لە زانیارییەکان دروست نین و پشت بە دروستکردنی زانیاری ساختە بەستراوە.

چارەنووسی حیزبی کوردی لە سایەی ئەو گرووپە هەرچی و پەرچیانە بە ئاڕاستەیەکی ناڕووندا دەڕوات و لەبەردەم گەورەترین مەترسیدا دەبێت، واتە حیزب لە سایەی ئەو هەرچی و پەرچیانە بەجیدی لە مەترسیدا دەبێت، بەوپێیەی هێندەیان درۆ گواستووەتەوە، وێنایەکی هێندە ناشیرین نیشاندەدەن تا دواجار لە پڕێکدا هەموو راستییەکان ئاشکرا دەبن. 

بەجیدی ئەو گرووپانە هۆکاری سەرەکی زۆرێک لە کێشەکانن و هەمیشە ژینگەی ئاڵۆز دەخوڵقێنن تا بە قازانجی خۆیان بکەوێتەوە، هەروەها دەچنە ناو میدیا و خۆیان میدیای سێبەر ئاڕاستە دەکەن، میدیایەک جگە لە بەخشینەوەی درۆ و نائومێدی هیچی دیکە نین.