فەشەلی سەدەی کوردی

بیروڕا

14/03/2018‌ 506 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ویل دیورانت لە مێژووی فەلسەفەدا ، سەردەمەکان دابەشدەکات بەسەر تەمەن و ژیانی فەیلەسوف و رۆشنبیرەکاندا . وەک سەردەمی دیکارت ، سەردەمی ڤۆڵتێر ، سەردەمی هیگڵ .. هتد . هەروەها رۆفائیلۆ لە تابلۆی ڕێنسانسدا ، مێژووی ڕێنیسانسی بەپێ ی فەیلەسوفەکان کێشاوە ، هەموویانی لە تابلۆیەکدا کۆکردۆتەوە.
فەشەلی ڕۆشنبیری ڕۆژهەڵات بەگشتی و کورد بەتایبەتی هۆکاری ئەو بۆشاییە مێژوویەبوون کە تا ئێستاکە ناونیشانی هیچ سەردەمێک نین . سەردەمەکان بەناوی : سەردەمی عەبدولکەریم قاسم ، سەردەمی سەدام حسەین ، ڕەنگە لەداهاتوودا بگوترێت سەردەمی مەسعود بارزانی ، ناوی لێدەنرێت . هیچ سەردەمێک بەناوی ڕۆشنبیرێکەوە ناناسرێتەوە چونکە کاریگەری لەسەر مێژوو و ڕووداوەکان نەبووە.
لەبیست ساڵی ڕابردوودا پرسی کورد لەسەرئاستی سیاسی ، ئابووری ، مرۆیی دەنگدانەوە و کرانەوەیەکی جیهانی گەورەی بەخۆوە بینی . 
دەکرا سەدەی بیست و یەکەم بەسەدەی کورد ناوبهێنرێت لەبەر ئەوەی لەزۆربەی ناوەندە ئابووری و سیاسیەکانی جیهاندا کورد ئامادەییەکی بەرچاوی هەبوو . هەڵبەتە جیهانی دەرەوەی کوردیش بە یار و نەیارەوە ئەو واقیعە نوێ یەی کوردیان قبوڵکردبوو تا ٢٥ ی سێپتەمبەری ٢٠١٧ کە ڕۆژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییەکەی هەرێمی کوردستان بوو لە عێراقدا . لەو ڕۆژە بەدواوە سەدەی کورد ڕووی لەئاوابوون کرد . فەشەلی هەموو کایە ڕۆشنبیری ، سیاسی ، ئابووری ، سەربازیەکانی کورد دەرکەوت .
بەرلەهەموو کایەکانی تر فەشەلی گەورەی رۆشنبیری کوردیە لەم سەدەیەدا کە نەیتوانیوە بچوکترین کاریگەری لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی ، ئابووری ، سیاسی خەڵکی کوردستان دروستبکات . رۆشنبیری کوردی جگە لەوەی لە کایەی سیاسیدا لە پشتی پشتەوەی پەڕاوێزی هەموو کردە و بڕیارە سیاسیەکانی هەرێمدابووە کە بەشی زۆری پەڕاوێزخستنەکەی بەهۆکاری غائیب بوون و بێ کاریگەریەکەی خۆیەوە بووە کە ڕۆشنبیری نەبۆتە پرۆژەیەکی سیاسی ، کۆمەڵایەتی ، فیکری گوێ ی لێبگیرێت و بەهەند وەربگیرێت ، لە کائینێکی قسەکەر و ڕەخنەگر زیاتر نەیتوانیووە ببێتە پرۆژەیەکی فیکری و چارەسەری لە پرسەکانی کۆمەڵگەی سیاسیدا . بۆیە بەشی زۆری فەشەلەکەی سەدەی کورد بەر رۆشنبیری کورد دەکەوێت ئەوساکە بەر سەرکردایەتی سیاسی کورد و دواتر خەڵک و کۆمەڵگەی کوردی . 
لە کۆتایشدا ئەمە فەشەلی هەموو مرۆڤی کوردە کە نەیتوانیووە لە سەرەتای ئەم سەدەیەوە بەهەموو هەل و دەرفەتەکراوەکانی بەردەستیدا ژیان و پێگەی سیاسی خۆی بگۆڕێت و پێ بنێتە مێژوویەکی ترەوە.

بەپەلە