شەڕەكەی ئێرە ببەنە بەغدا

بیروڕا

04/05/2018‌ 747 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بەپێی دەستوور سیستەمی حكومڕانی لە عێراق پەرلەمانیەو، دواتر هەر لە رێگەی پەرلەمانەوە پۆستی سەرۆك وەزیران و سەرۆككۆمار یەكلایدەكرێتەوە، بەڵام بەپێی ئەزموون و واقعی حاڵ بەرلەوەی لایەنێكی سیاسی ( كورد و سونە) بیەوێ سیاسەت بكات و مافەكان بەپێی دەستوور بەدەستبهێنێت، نابێ تەنها پشت بە پەرلەمان ببەستێت، بەڵكو سیاسەتكردن لە عێراق لە رێگەی پێگەی حزبی و ئاستی پەیوەندی سیاسی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان و، لەگەڵ دووری و نزیكیت لەگەڵ ئەو ولایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتیانە دەبێت، كە كاریگەریان لەسەر دۆخی عێراق هەیە.

لە دوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی، سەرەتایی گۆشەگیری و دابڕانی لایەنە سیاسییە كوردییەكان لە بەغدا دەستیپێكرد ( بە تایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان، چونكە زۆرێك لەلایەنەكانی دیكەی ئۆپۆزسیۆن هەرنەیانبووە)، ئەوەی جێگای نیگەرانیشە لایەنەكانی تری دەرەوەی پارتی تاڕادەیەك كەوتنە ژێركاریگەری سیاسەتی پارتی لەگەڵ بەغدا .

كالفامی و ئاستی لۆكاڵیبوونی و بێهێزی لایەنە كوردییەكان، گەیشتە ئاستێك تاوەكو ئێستای لەگەڵدابێت زۆربەی زۆربەیان تەنانەت نوسینگەیان لە بەغدا نییەو، هیچ جۆرە پەیوەندییەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی باشیان لەگەڵ سەركردەو لایەنە سیاسییەكانی عێراق نییە، مەگەر لە بۆنە كۆمەڵایەتییەكان نەبێت.

كاتی خۆی بوونی مام جەلال لە بەغدا وایكردبوو، بەردەوام هەندێ سەركردەی دیكەی كوردیش بچنە بەغداو هەرلەو ڕێگەیەوە لەگەڵ سەركردە شیعی و سونییەكان پەیوەندیان باشبێت. هەرچەندە بەشێكی زۆری دانیشتنەكانی مام جەلال لەخواردنی "چەورو سەروپێ" بەسەردەچوو، زۆرجاریش لەو دانیشتانە قسەی جدی نەدەكرا، بەڵام گرینگی ئەو دانیشتن و كۆبوونەوانە لەوەدابوو، جگە لەوەی پەیوەندیە كەسی و حزبیەكان بەهێزدەبوو، زۆرجاریش لە ڕێگەی ئەو پەیوەندیە برادەریاتیانە زۆر كێشەی ئاڵۆز چارەسەردەكران، بەر لەوەی ئەو كێشەیە بچێتەوە پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران، ئینجا لەوێشەوە كۆمەڵێك شۆڤێنی عەرەب و نەتەوەپەرستی كورد و توركمان موزایەدەی لەسەربكەن ( بۆئەمەش دەیان شایەد حاڵ هەن، یەكێك لەوانە كامەران قەرەداغی، لێپرسراوی پێشووتری نوسینگەی تاڵەبانی لە بەغدا ) .

دەگێڕنەوە كاتێك كێشەیەكی گەورە دەهاتە پێش مام جەلال دوو پرسیاری دەكرد دەیوت " پەیوەندی شەخسی بەكاربهێنم، یاخود دەسەڵاتی سەرۆككۆمار". ناوبراو هەڵبژاردەی یەكەمیانی پێباشتربوو، زۆرجاریش مام جەلال ئامۆژگاری دەوروبەرەكەی دەكرد، بۆ چارەسەركردن كێشە سیاسی و یاسایی و دەستوورییەكان، جاری یەكەم پەنا بۆ پەیوەندیە شەخسییەكان بەرن چونكە كاریگەری زیاترە.

سروشتی سیاسەتكردن عێراق هەروایە سەردان و دانیشتن و گفتووگۆی دۆستانە كاریگەری باشی هەیە، بەڵام بەداخەوە لە دوای ساڵی 2013، پارتی دیموكراتی كوردستان بە پلەی یەكەم لەگەڵ دروستكردنی ململانێ شەخسییەكان لەگەڵ چەند لایەنێكی عێراقی، وردە وردە پەیوەندییەكانی هەرێمی لەگەڵ چەند لایەنێكی سیاسی عێراقی بەرەوتوندی برد، ئەمەش وایكرد نوخبەو سیاسی و شەقامی عێراقی واتێبگەن، پارتی تاكە هێزە كە تەمسیلی میللەتی كورد دەكات، بۆیەش داهاووی پەیوەندییەكان بەم شێوەی ئێستای لێكەوتۆتەوە.

لەدوای مام جەلال یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش؛ وەكو حزبێكی لە مێژینەی كوردی و عێراقی سەرەڕای پەیوەندی باش و دۆستانەكەی لەگەڵ سەركردە عێراقییەكان، گۆڕەپانەكەی بۆ پارتی بەجێشهشت، نەیتوانی باڵانسی ئەو پەیوەندیانە بپارێزێ. هەرچی گۆڕان و لایەنە سیاسییەكانی دیكەی هەرێمە بەداخەوە بەهۆی لۆكاڵی بوونیان و ئیهمالیان، تاوەكو ئێستاش نەیاتوانیوە لە بەغدا وەك بەدیلی پارتی و یەكێـتی كاربكەن، تەنها بەهۆی چەند نوێنەرێكی لاواز زۆرجار چوونەتە بەرەی هەولێرو، یاخود بەغداو خاوەنی پەیوەندی بەهێز و سیاسەتەكەی سەربەخۆ نەبوون .

هەڵەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان ئەوەیە، ماوەی چەند ساڵێكە تەنانەت بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەش كۆمەڵێك كەسی بێ ئەزموون و بێهێزیان كاندیدكردوە، كە ئەوانە نەك ناتوان لەگەڵ هێزە سیاسییەكان پەیوەندی دروستبكەن، بەڵكو لە پەرلەمانیش جگە لەموزادەیەكردن ناتوانن هیچ ڕۆڵێك بگێڕن. لەكاتێكدا لەدوای ساڵی 2003 تاوەكو 2013 جگە لەمام جەلال كۆمەڵێك سەركردەی حزبە كوردییەكان ( ئەوانەی پلەی باڵایان هەبوو لە حزبەكانیان و دەست ڕۆیشتووبوون ) لە بەغدابوون و كەم تا زۆر كاریگەریان هەبوو لەسەر بڕیارەكانی بەغدا.

ئەوەی ئێستا تێبینیدەكرێت نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكان هیچیان لەبارنییەو ناتوانن لەبەغدا بمێنەوەوحسابیان بۆبكرێت، دەبوایە سەركردە سیاسییەكانی كورد خۆیان بچووبانایە بۆ بەغدا، بەڵام دیارە پێیان شەرمە ئەگەر خۆیان كاندید بكەن و یاخود پۆستی وزاری وەربگرن لە بەغدا.

لەماوەی ڕابردوودا، هەندێ لە نوێنەرانی كورد لەماوەی مانەوەیان بەهۆی كەم ئەزموونیان نەیانتوانیوە سەردانی دامەزراو شوێنە گرینگەكانی بەغداو زانكۆو شارەكانی باشوورو ناوەڕاست بكەن، بەڵكو تەنها لە ئوتێل و شوێنی حەوانەو نوسینگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمان خەریكی قسەكردن بوون ، هەموو كۆتایی هەفتەیەكیش پەلە پەلیانە بووە بگەنەوە هەرێم.

بۆیە ئەم جۆرە لە سیاسەتكردنەی ئێستای كورد لە داهاتووی عێراق باش نابێت، پێویستە هێزە سیاسیەكانی كوردستان جگە لە پەرلەمان، لەرێگەی كردنەوەی بارەگاو ئۆفیس بچنە بەغداو، بەهۆی ڕێككەوتن و نزیكبوونەوە لەگەڵ لایەنە دەستڕۆیشتووەكان پێگەی هەرێم بەهێزبكەن.

مادام سەركردە كوردییەكان و كەسە بەهێزەكانی لایەنەكانی هەرێم خۆیان كاندیدنەكردوە، پێویستە ئەوكەسانەی دەچنە بەغدا بۆ وەرگرتنی پۆستی سیادی وەكو سەرۆككۆمارو وەزارەتەكانی دیكەی سیادی لەوكەسانەبن، كە بتوانن كاریگەری لەسەر ناوەندی بڕیاربێت، نەك خەڵكانێكی وەكو هۆشیار زێباری بنێرین لەولاوە خەریكی گەندەڵی بێت و، لەولاشەوە دوو هێزی تر دوو كەسی لاوازی وەكو (فریاد ڕەواندزی و دەرباز مەحەمەد) بنێرن ، كە بەلای بەشێك لە خەڵكی ونوخبەو وەزیرەكانیش ئاشنا نین و، هیچ كاریگەیان نییە جگە لە ڕایكردنی كاروباری ئیداری.

گرینگە لەمەودوا هێزە كوردییەكان جگە لە نوێنەرانیان لە پەرلەمان، بە بەهێزی بچنەوە بەغداو خۆیان لە لایەنەكانی دیكەی عێراق نزیكبنەوە، ئەگەر بە ڕێككەوتن و دروستكردنی هاوپەیمانیش بێت و چیتر نەترسن لە قسەوقسەڵۆكی عێراقچیەتی و خائین بوون، چونكە بوونی 44 ئەندام پەرلەمان لە كۆی 329 پەرلەمانتار لە بەغداو مامەڵەی حكومەتی هەرێم وەكو لایەنێكی فەرمی دەستووری لەگەڵ بەغدا بەس نییە.

كاندیدە كوردییەكانیش پێویسە بەرلەوەی بچنە بەغدا خۆیان فۆڕماتبكەنەوەو واز لە دروشمە سەیرو سەمەرەكانی وەكو : ئەمرامز شكێن و دروشمی دوژمنكارانە لەبەرامبەر بەغدا بهێنن، كە كۆتاییەكەی جگە لە ماڵ وێرانی هیچی دیكەی لێ شین نابێت.

گۆڕینی سیاسەت بە ئاڕاستەی گەڕانەوە بۆ بەغداو شەڕكردن لە ناوچەی جەرگەی بەغدا، ئەوكات ڕێگردەبێت لە كەمكردنەوەی ڕق و كینەی شۆڤینیەت و نەتەوەپەرستی و مەزهەبی هەندێ سەركردەی عێراقی و كوردی و توركمانی .

واز لەو بەرگریە بێ مانایەی هەولێرو سلێمانی و دهۆك بهێنن؟! عەبادی هاتە ئێرە بەڵام زۆربەی سەركردە بە ناوئازاكانی كورد نەچوونە كەركوك و موسڵ، كە دووری نێوانان شارەكانی هەرێم و ئەو دوو پارێزگایە 45 خولەك تێپەرناكات.

چیتر رەخنە لە شاشوار عبدالواحد مەگرن، كە دەچێت لە بەغداو سەماوە خەڵك كۆدەكاتەوە قسەیان بۆدەكات، فەرموون ئێوەش بڕۆن لە بەسرەو موسڵ و دیوانیەو نەجەف و كەربەلا خەریكی شەڕی مافی دەنگدەرانتان بن چیتر لێرەوە بەرگری بێ ئەنجام مەكەن و بڵێن ئێمە نوێنەری كوردین ؟!

سەرتیپ قەشقەیی