ساختەو تەزویر واقع ناگۆڕێت

بیروڕا

14/07/2018‌ 1359 جار خوێندراوه‌ته‌وه

زۆر جار هێزە گەندەڵ و دیكتاتۆرەكانی دەسەڵات لە جیهان بەگشتی و عێراق وكوردستان بەتایبەتی، پەنا دەبەنە بەر ساختەو تەزویری هەڵبژاردنەكان بۆ مانەوەیان لەسەر كورسی دەسەڵات وكەم كردنەوەی دەنگی هێزە نەیارەكانیان بۆ بێ ئومێدكردنی خەڵك لەگۆڕانكاری وگۆڕینی نەخشەی سیاسی.

بەڵام ئەوەی ئەو حزبانەی دەسەڵات لێی بێ ئاگان ئەوەیە كە ئەم ساختەو وتەزویرە -بەدرێژایی مێژووی دكتاتۆرە گەندەڵەكان- تەنها بۆ ماوەیەكی كورت دەتوانێ روپۆشی خراپەكاری حوكمڕانیان بكات و سوود لەو سەركەوتنە ساختەیە وەرگرن.

ئەم سەركەوتنە بێ بنەمایە ناتوانێ هێزی مەدەنی وسیاسی راستەقینەی هەڵقوڵاوی ناخی كۆمەڵگە لەناو ببات، بەڵكو بە پێچەوانەوە زیاتر دەسەڵاتی ساختەكار لە كۆمەڵگەو واقعی سیاسی دوور دەخاتەوە -تا وایان لێ دێت باوەڕ بە درۆیەكەی خۆیان بكەن-، ولەلاكەی تریش، ئەم دووریە لە واقع بۆشایی نێوان دەسەڵات ومیللەت زیاتر دەكات وبەفراوانبونی بۆشاییەكە ناڕەزایی خەڵك وتوڕەیی وتۆڵەیان بەهێزتر وفراوانتر دەكات بەجۆرێك لەمەڵاس دەبن بۆ هەر فرسەتێكی سیاسی وگۆڕانی پارسەنگە ناوخۆیی وهەرێمیی ونێودەوڵەتیەكان بۆ بەرژەوەندی میللەت بۆ ئەوەی تۆڵەی خۆیان بكەنەوە لە دەسەڵات و گۆڕینی واقعە ساختەكە.

نمونەی راپەرینە جەماوەریەكانی میللەتان دژی واقعە ساختەكراوەكان لە مێژووی جیهاندا زۆرن. هەر لە ئیسپانیا وفلیپین وئەڵمانیایی رۆژهەڵات دەست پێ دەكت تا دەگاتە عێراقی سەدام حوسێن وتونسی بن عەلی ومیسری حوسنی موبارەك ولیبیایی قەزافی.

خۆپیشاندانە ناڕەزایەتیەكانی ئێستای شارە عێراقیەكانی وەك بەسڕەو عەمارە ونەجەف وخۆپیشاندانەكانی داهاتووی هەرێمی كوردستان دەبنە باشترین بەڵگەی ئەوەی كە ساختەو تەزویر ناتوانێ واقع بگۆڕی.

رەعد رەفعەت