رۆژی جیهانی گەنجان و چەند سەرنجێک

بیروڕا

12/08/2018‌ 1111 جار خوێندراوه‌ته‌وه

سەرەتایەک لەسەر رۆژی جیهانی گەنجان:
لە17 دیسه‌مبه‌ر 1999 بەرەسمی 12-8 ناسێنراوە لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکان وەک رۆژی جیهانی گەنجان ساڵانە یادی دەکرێتەوە لەسەرجەم جیهان، لێرەوە دەتوانم بەگەنجانی خۆشی لەخۆنەدیوی وڵاتەکەم بڵێم: لەساڵی 2013 پرۆژە یاسای چاودێری گەنجانم پێکەشی پەرلەمانی کوردستان کرد، بەڵام بەداخەوە نەک پەسندیان نەکردو خوێندنەوەیان بۆ نەکرد رۆژ بەرۆژ ئەم دەستەڵاتە بەردەوامە لەسەر بێ بایەخکردنی گەنجان و سەرجەم توێژەکانی تری کۆمەڵگا.

كه‌ ئه‌مه‌ش پووخته‌كه‌یه‌تی(پڕۆژە یاسای چاودێری گەنجان لە هەرێمی کوردستان) ئامادەکردنی: (د.احمد محمود) خراوەتە بەردەم پەرلەمان مەبەستی پەسەندکردن لە پەرلەمانی کوردستان بە ئامانجی باشترکردنی بارودۆخ و گوزەرانی گەنجان لە هەرێمی کوردستان لە سەرجەم بوارەکان.
ئامانجەکانی پڕۆژە: ئەم پڕۆژە یاسایە کاردەکات بۆ بەدیهێنانی ئەمانەی خوارەوە:
1- بەژداری پێکردنی گەنجان لە داڕشتنی ئایندەی سیاسی کوردستان.
2- ڕەخساندنی هەلی ئابووری بۆ لاوان بە ئامانجی فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستە بەم توێژە.
3- دانانی ستراتیژێکی نیشتیمانی بۆ بنیادنانی تواناکانی گەنجان لە بوارەکانی ( زانستی ، رۆشنبیری ، هونەری ، وەرزشی ).
4- سازاندنی ژینگەیەکی گونجاو و شیاو بۆ گرتنەخۆی سەرجەم ئەو گەنجانەی کە خاوەنی توانا و لیهاتوویەکی بێ‌ سنورن.
5- چاکسازیکردن لە بواری یاسا لەسەرجەم یاسا کارپێکراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامانجی سوود گەیاندن بە گەنجان.
6- دەرکردنی یاسا و ڕێنمایی تازە بۆ گرنگی دان بە گەنج و لاوەکانی هەرێمی کوردستان لە سەرجەم بوارەکانی ژیان.
7- هاندانی بانک و دامەزراوەکانی کەرتی گشتی و تایبەت بۆ تەمویلکردنی گەنجان بە ئامانجی کردنی پڕۆژەی بچوک لە ڕێگای پێدانی قەرز.
8- پاراستنی گەنجان لە کۆمەڵێک نەخۆشی و پەتای بڵاو کە توشی گەنجان دەبێت.
پوختە و ناوەڕۆکی پڕۆژەکە: ناوەڕۆکی پڕۆژەکە کار لەسەر باشترکردنی بارودۆخی گەنجان دەکات لە هەرێمی کوردستان لە سەرجەم بوارەکانی ژیان ، وە کۆی پڕۆژەکە لە (56) پەنجاوشەش ماددە پێک هاتووە، کۆی ماددەکان لە پێنج بەش ڕێکخراوە ، بەشی یەکەم تەرخانکراوە بۆ پێناسەی چەمکە گشتیەکان و ئامانجەکانی پڕۆژە ، لە بەشی دووەم کە تایبەتە بە مافە سیاسیەکانی گەنجان باس لە ئەرک و ڕۆڵی گەنجان کراوە لە داڕشتنەوەی ئایندەی سیاسی کوردستان وە لە دیارترین ماددە و بڕگەکانی ئەم بەشە پێشنیازکراوە حکومەتی هەرێمی کوردستان کار لەسەر دامەزراندنی پەرلەمانی گەنجانی کوردستان بکات وە ئامانجی سەرەکی لە دروستکردنی ئەو پەرلەمانە کۆکردنەوەی توانا بێ سنورەکانی گەنجانە لە ژێر سەکۆیەکی دیاریکراو و چالاکردنی ئەرک و رۆڵی ئەم توێژەیە لە سەرجەم بوارە جیاوازەکان و قوڵکردنەوەی ئینتیمایە بۆ نیشتیمان لەلای گەنجان. بەشی سێیەم کە باس لە مافە داراییەکانی گەنج دەکا لە دیارترین ماددەکانی ئەم بەشە کە لە ماددەی (21) بیست و یەکدا هاتووە : (ماددە ی ژمارە (14) / خاڵی یەکەم / بڕگەی ڕ لە یاسای مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت و کەرتی گشتی ژمارە (22) ی ساڵی 2008 کە باس لە دەرماڵەی خێزانی دەکات کە بۆ پیاو و ژن بەیەکەوە 50،000 وەکو دەرماڵەی خێزانی دیاریکراوە ) بەڵام ئەم پڕۆژە یاسایە پێشنیاز دەکات ئەم بڕگەیە بەشێوەک هەموار بکرێتەوە کە دەرماڵەی خێزانی لە 200،000 کەمتر نەبێت. وەهەروەها لە ماددە ی (22) هاتووە کە پێویستە ماددەی (14) /خاڵی دووەم لە یاسای مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت و کەرتی گشتی ژمارە (22) ی ساڵی 2008 کە باس لە دەرماڵەی منداڵ دەکات، بۆ هەر منداڵێک تا منداڵی چوارەم 10،000 دینار تەرخانکراوە بەڵام ئەم پڕۆژە یاسایە پێشنیاز دەکا دەرماڵەی منداڵ بۆ منداڵی یەکەم و دووەم بەرزبکرێتەوە بۆ 100،000 بۆ هەر منداڵێک. بەشی چوارەم کە باس لە مافە پەروەردەیی و زانستیەکانی گەنج دەکات لەسەرجەم ماددە و بڕگەکانی ئەم بەشە باس لە باشترکردنی رەوتی خوێندن و پەروەردە لە هەرێمی کوردستان دەکات وە رەخساندنی هەلی خوێندن بۆ سەرجەم گەنجان بەپێی ستاندارد و پێوەرە زانستیە نێودەوڵەتیەکان.
بەشی پێنجەم کە باس لە مافە کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریەکانی گەنج دەکا کە بەهەمان شێوە سەرجەم بڕگە و ماددەکانی ئەم بەشەش تەرخانکراوە بۆ باشترکردنی بارودۆخی گەنجان لە ڕووی کۆمەڵایەتی و پاراستنیان لە لێکەوتە کۆمەڵایەتیەکان کە زۆرجار گەنجان دەکاتە قوربانی .
بەشی شەشەم کە باس لە مافەکانی گەنج دەکات لە بواری ژینگە و تەندروستی لە دیارترین ماددەکانی ئەم بەشە هاتووە کە پێویستە حکومەتی هەرێم بە جددی لە ڕێگەی دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان کاری جددی بکا لەسەر کەمکردنەوەی مردنی بە کۆمەڵی لاوانی ئەم وڵاتە لە ڕێگای رووداوەکانی هاتووچۆ . وە پێویستە کاری جددی بکرێت لەسەر پاراستنی گەنجان لە ئاڵودە بوون بە ماددە هۆشبەرەکان.
بەشی حەوتەم کە تەرخانکراوە بۆ مافە تایبەتەکانی کچان سەرەڕای سەرجەم مافەکانی تر کە لەبەشەکانی تر ئاماژەیان پێکراوە وە لە دیارترین ماددەکانی ئەم پڕۆژەیەدا هاتووە کە بڕگەی سێیەم لە ماددەی (17) لە یاسای باری کەسیەتی ، یاسای ژمارە (15) ساڵی 2008 ی هەموارکراو لە پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی ژمارە (16) لە 13/11/2008 کە باس لەوە دەکات هەر کاتێک پیاو بەبێ هۆ خێزانەکەی خۆی تەڵاقدا وە بۆ دادگا سەلمێنرا کە پیاوەکە تاوانبارە دادگا بڕیار بە قەرەبووکردنەوەی ژنەکە دەدات بە گوێرەی باری دارایی پیاوەکە ، وە باس لەوەکراوە کە نەفەقەی ژنەکە پێویستە بگرێتە ئەستۆ بۆ ماوەیەک کە متر نەبێت لە (3) سال و زیاتر نەبێت لە (5) ساڵ. بەڵام ئەم پڕۆژە یاسایە پێی وایە قەرەبووکردنەوەی ژنێکی بێ گوناه کە بەبێ هۆ تەڵاقدراوە بەپارە و نەفەقە قەرەبوو ناکرێتەوە بەتەنیا بەڵکو پێویستە هەر کاتێک بۆ دادگا دەرکەوت کەسێک کە بەوشێوە ژیانی کەسێک وێران دەکا و ئایندەی تیرۆر دەکا پێویستە دوای جیابوونەوەیان لە ناسنامەی باری کەسیەتی ئاماژە بکرێت کە لە جیابوونەوەی پێشوودا پیاوەکە تاوانبارە (متعسف فی گلاقه).