شارپرێس:
ڕۆژنامه‌یه‌كی ئه‌مریكی پێشبینیده‌كات گرژییه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی نێوان ئه‌مریكا و توركیا، به‌هه‌ره‌سهێنانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات كۆتاییپێبێت.
ڕۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمزی ئه‌مریكی له‌ڕاپۆرتێكیدا له‌باره‌ی سزاكانی ئه‌مدواییه‌ی ئه‌مریكا به‌سه‌ر توركیا، باس له‌وه‌ده‌كات، پاش سه‌پاندنی سزاكانی ئه‌مریكا به‌سه‌ر توركیا، زیادكردنی گومرگی هه‌ندێك پێداویستی به‌سه‌ر توركیادا، ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه ئه‌و گرژییه ئابورییه په‌لبهاوێت بۆ گرژی گه‌وره‌تر له‌نێوان واشنتۆن‌و ئه‌نقه‌ره، سه‌ره‌نجام ببێته هۆی پچڕانی په‌یوه‌ندی هه‌ردوو وڵات.
ڕۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، سه‌ره‌ڕای ئه‌و په‌یوه‌ندییه توندوتۆڵه‌ی هه‌ردوو وڵات له‌بواری ئابوری و سه‌ربازیدا هه‌یانه، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی ئه‌مریكا چه‌كی ناوه‌كی له‌بنكه‌ی سه‌ربازی ئینجه‌رلیك له‌و وڵاته داناوه، كه‌چی ئێستا توركیا له‌پاڵ ڕوسیا، كۆریای باكور، ئێران‌دا بوه‌ته یه‌كێك له‌وڵاته سزادراوه‌كان.
له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری ئاسایبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌نقه‌ره‌و واشنتۆن ڕۆژنامه ئه‌مریكییه‌كه پێی وایه، كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی كه‌ڵه‌كه‌بوو له‌نێوان هه‌ردوو وڵات‌دا هه‌یه كه وایكردوه په‌یوه‌ندی ئه‌مریكا‌و توركیا بگاته ئه‌و ئاسته خراپه له‌وانه، ئازادیی ڕاده‌ربڕین له‌توركیا، لێكدانه‌وه‌ی جیاواز بۆ په‌یوه‌ندی دیموكراتیه‌ت‌و حوكمی ئیسلام له‌توركیا، په‌یوه‌ندی كورد له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا، چه‌ندین كێشه‌ی تر.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئاژانسی بلومبێرگ له‌باره‌ی كێشه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی نێوان ئه‌نقه‌ره‌و واشنتۆنه‌وه پێی وایه، چیتر ئه‌مریكا‌و توركیا ناتوانن په‌یوه‌ندییه‌كانیان ببه‌نه‌وه ئاسته باشه‌كه ڕابردوو.
ئاژانسه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، هه‌رجۆره پچڕانێكی یه‌كجاریی له‌په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌مریكا‌و توركیا، ده‌بێته هۆی داڕوخانی ئابوری توركیا‌و دروستبوونی كێشه بۆ ئه‌مریكا له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
ڕ . ج