مه‌لا به‌ختیار هێزه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی‌و پارتی به‌كه‌مینه‌‌و به‌رهه‌ڵستكار ناوده‌بات

کوردستان

12/08/2018‌ 2361 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایگه‌یاند، " هەڵبژاردن گۆڕانكاری هەمەلایەنەی بەسەر نەخشەی سیاسی‌و حزبەكانی عیراقدا هێناوە. شیعە دوو جەمسەرن. سوننە سێ‌ جەمسەرن. كوردستانیش دوو هێزی زۆرینەین‌و هێزەكانی تر كەمینەی بەرهەڵستكارن".

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ ستیڤن فەیگەن كونسوڵی نوێی ئەمریكا لەهەرێمی كوردستان و وەفدی یاوەری كۆبووه‌وه‌، به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی ڕۆژنامه‌وانی مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی یه‌كێتی ڕایگه‌یاندووه‌، "یەكێتیی، هەروەها پارتیش، ڤیتۆمان لەسەر هیچ لایەك‌و هیچ كەسێك بۆ پێكهێنانی حكومەت نییە، بەڵام هەڵبژاردن گۆڕانكاری هەمەلایەنەی بەسەر نەخشەی سیاسی‌و حزبەكانی عیراقدا هێناوە، شیعە دوو جەمسەرن، سوننە سێ‌ جەمسەرن، كوردستانیش دوو هێزی زۆرینەین‌و هێزەكانی تر كەمینەی بەرهەڵستكارن، تەنها كوردستان بەزۆرینەیەكی رەها دەتوانێ‌ بچێتە ناو دانوستانەوە، لایەنەكانی تری عیراق، هیچیان ناتوانن تەنانەت وەكو ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پێشووش كاریگەر بن، بۆیە پێمان وایە، باشترین حكومەتی سازاوی نیشتمانی ئەوەیە زۆرینەی هێزە سیاسیەكانی هەردوو جەمسەری شیعەو لایەنە بنەڕەتیەكانی سوننەو هێزە سەرەكیەكانی كوردستان، كابینەی نوێ‌ پێك بهێنن".

له‌باره‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌واده‌ی خۆیدا مه‌لا به‌ختیار ڕایگه‌یاند، "وەكو یەكێتیی خۆمان بۆ هەڵبژاردن ئامادە كردووە، بەڵام ئایا كێشەی عیراق‌و پێكهێنانی كابینەی حكومەت هەتا (30/9/2018) تەواو دەبێت؟ ئەگەر ئەو كێشانە لەعیراق چارەسەر نەبون، ئایە رەنگدانەوەی لەسەر تەواوی عیراق‌و ناوچەكانی كەركوك ‌و خانەقین ‌و موسڵ نابێت؟ ئایا دەكرێت لەدۆخێكی وادا هەڵبژاردن بكرێت؟ بۆیە ئێمە وەكو یەكێتیی نەمانووتووە دوابخرێت، بەڵام ئەمە دۆخەكەیە‌و ناكرێ‌ نادیدە بگیرێ‌".

له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كونسوڵی نوێی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند، "بۆ پێكهێنانی كابینەی داهاتووی عیراقیش، دەبێت كار بەو ئاراستەیە بێت حكومەتی عێراق‌و هەرێمی كوردستان كێشەكانیان چارەسەر بكەن".

ڕ . ج