عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: داهاتی مانگانه‌ی ئێستای هه‌رێمی كوردستان 900 ملیۆن دۆلاره‌

کوردستان

12/08/2018‌ 1475 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
په‌رله‌مانتارێكی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگه‌یاند، داهاتی مانگانه‌ی ئێستای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی 900 ملیۆن دۆلاره‌.

عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان له‌فراكسیۆنی گۆڕان ڕایگه‌یاند، " زانیاری نوێ لەبارەی داهاتی هەرێمەوە ئاشكرا دەكات، داهاتی هەرێم لەمانگێكدا دەگاتە نزیكەی 900 ملیۆن دۆلار بەو پێیەبێت حكومەت توانای پێدانی موچەی هەیە بەبێ پاشەكەوت، وەزارەتی سامانە سروشتیەكان لەهەر بەرمیلێكدا 20 دۆلار لادەبات جگە لەخەرجی كۆمپانیا نەوتییەكان كەمانگانە دەكاتە 200 ملیۆن دۆلار بەتەنها لەفرۆشی نەوتدا بەبۆری" ئه‌وه‌ش به‌گوێره‌ی میدیای فه‌رمی بزوتنه‌وه‌كه‌.

میدیای گۆڕان ده‌شڵێت:"چەند جارێك لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بەرەسمی داوا لەسەرۆكی حكومەت كراوە بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوتەوە داوا لەئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەكان بكرێت كە ئەو پارەی بۆ موچە دابینیدەكات زیادی بكات، بەڵام نە لەكۆبوونەوەكە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت وەڵامی هەبووە لەئێستاشدا نەئاشتی هەورامی لە هەرێمی كوردستانەوە دەوام دەكات تائەو داواكارییەی ئاراستە بكرێت، تەنها ئەم كۆبونەوە بۆ ئەو كۆبونەوە ئەگەر پێویستی كرد بەسەردانێكی چەند ڕۆژی لەبەریتانیا دێتەوە هەرێم‌و دوای چەند ڕۆژێك دەگەرێتەوە".

زیاتر له‌دووساڵه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌پاساوی قه‌یرانی دارایی له‌هه‌رێم‌و دابه‌زینی نرخی نه‌وت، به‌شێك له‌موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی پاشه‌كه‌وتكردوه‌، به‌شێوه‌یه‌ك ئێستا حكومه‌ت چه‌ندین ملیار دۆلار موچه‌ی پاشه‌كه‌وتكراوی فه‌رمانبه‌ران قه‌رزاره‌.

ڕ . ج