كاریگەرییە خراپەكانی جگەرەكێشان لەسەر تەندروستی ئافرەتان

جیهان

13/08/2018‌ 611 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕۆژانە گوێبیستی ئەوە دەبین، كە جگەرەكێشان زیانی زۆری هەیەو دەبێتە هۆی تووشبوون بەزۆربەی نەخۆشییەكان لەوانەش شێرپەنجەی سییەكان و جەڵدەی دڵ، لەگەڵ ئەمانەشدا كۆمەڵێك زیانی زیاتر بەتەندروستی ئافرەتان دەگەیەنێت.

لەوانەش دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی كەمبوونەوەی چڕی ئێسك لەئافرەتاندا، كە ئەمەش كاریگەری خراپ لەسەر تەندروستیان دەبێت بە بەراورد بەو ئافرەتانەی جگەرە ناكێشن.

یەكێكی تر لەو نەخۆشییانەی، كە تووشی ئافرەتانی جگەرەكێش دەبێت بریتییە لەهەوكردنی جومگەكان واتە ڕۆماتیزمە، كە ئەمەش نەخۆشییەكی درێژخایەنە.

هەروەها ئاوی سپی چاو یەكێكیترە لەو نەخۆشییانەی، كە تووشی ئافرەتانی جگەرەكێش دەبێت، كە كاریگەری لەسەر بینین دەكات‌و كەسەكان ناتوانن بەڕوونی شتەكان ببینن هەمیشە تەمێك لەناو چاویاندا هەیە، كە ڕێگری لە بینین دەكات.
 
بەشێوەیەكی گشتی جگەرەكێشان كاریگەری خراپ دەكاتە سەر پوك‌و ددانەكان بەجۆرێك، كە ئافرەتان تووشی نەخۆشی پوك دەكات ,  هەندێك جار دەبێتە هۆی دروستبوونی برینی گەدە .

ئافرەتانی جگەرەكێش مەترسی زۆرتر لەسەر تەندروستیان هەیە لەكاتی نەشتەرگەرییەكاندا، كچان و ئافرەتان بەتایبەت لەتەمەنی گەنجیدا كاتێك جگەرەدەكێشن كاردەكاتە سەر سیستمی هەناسەدانیان و ناهێڵێت سییەكانیان بەپێی پێویست گەشەبكات.
 
لێكۆڵینەوە تازەكان ئەوەیان دەرخستووە، كە ئافرەتانی جگەرە كێش ئەگەری تووش بوون بە خەمۆكیان زۆرترە بە بەراورد بەو ئافرەتانەی، كە جگەرە ناكێشن، یاخود بە بەراورد بە پیاوان.
 
وەرگێڕان: هێڤار عومەر ‌