ڕەوەند مەلا مەحمود: جارێكی دیكە بیر لەوە ناكه‌ینەوە له‌كه‌ركوك شەراكەت لەگەڵ پارتیدا بكه‌ین

کوردستان

12/10/2018‌ 1515 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی ڕایگەیاندوە "جارێكی دیكە بیر لەوە ناكه‌ینەوە له‌كه‌ركوك شەراكەت لەگەڵ پارتیدا بكه‌ین".

ئەمڕۆ هەینی ڕەوەند مەلا مەحمود، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان به‌میدیای‌ حزبه‌كه‌ی‌ ڕایگەیاندووه‌ "ئەو پێشنیازانەی پێشتر بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستە ئیدارییەكانی شاری كەركوك هەبووە لەسەر بنەمای 32% بۆ سەر تەواوی پێكهاتەكانی شارەكە ئێمە ڕەتیدەكەینەوەو پێیمانوابووە ئەوە بۆ قۆناغی پێشتر بووەو ئێستا دەتوانین مافەكانی خۆمان دەستەبەر بكەینەوە".

رەوەند مەلا مەحمود ئاماژەی بەوەداوە "یەكێتی جارێكی دیكە بیر لەوە ناكاتەوە كە شەراكەت لەگەڵ پارتیدا بكات لەئیدارەدانی شارەكەدا بەشداری پێبكات چونکە پارتی لەرابردودا دژی كورد لەكەركوك زۆر بەخراپی كاری كردووە، بۆیە پێناچێت بەشدارییان لە پرسی كەركوكدا پێبكەین".
 جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی ئەوەشی وتوە "لەئێستادا یەكێتی نیوە زیاتری دەنگەكانی كەركوكی زامن كردووە، “بۆیە پێویستە 50%ی پۆستەكانی شارەكە بۆ كوردو یەكێتی یەكلاببێتەوەو جگەلەوەش ئێمە لەبەرژەوەندی كورد هەنگاو دەنێین‌و پێویستە كار بەبەركەوتەی هەڵبژاردن بكرێت".

به‌رپرسه‌كه‌ی‌ یه‌كێتی‌ وتوشیەتی "ئەو غەدرەی پێشتر لەكوردو یەكێتی لەشارەكە كراوە، ئێمە راستیدەكەینەوەو لەگەڵ لایەنەكانی دیكە چارەسەری گونجاوی بۆ دەدۆزینەوە، بەجۆرێك كە ئیستحقاقی میللەتەكەمان بێت".
هـ ـ ر