توركیا بؤ‌ ئه‌مریكا: چه‌ند بەڵگەیەکمان لایه‌ ده‌یسه‌لمێنێت خاشقچی له‌ناو كونسوڵخانه‌دا كوژراوه‌

جیهان

12/10/2018‌ 914 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆست-ی ئه‌مریكی بڵاویکردووەتەوە "بەرپرسانی تورکیا بە بەرپرسانی ئەمریکایان وتوە  جه‌مال خاشقچی، رۆژنامه‌نوسی دیاری سعودی، له‌ناو كونسوڵخانه‌ی سعودیه‌ له‌ئه‌سته‌نبوڵ كوژراوه‌".

ڕۆژی هەینی رۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆست-ی ئه‌مریكی لەزاری چه‌ند به‌رپرسێكی ئه‌مریكی و توركییه‌وه‌ بڵاویكردۆته‌وه‌ "توركیا به‌ به‌رپرسانی ئه‌مریكای راگه‌یاندوه‌ كه‌ تۆماری ده‌نگی و ڤیدیۆییان لایه‌ كه‌ ده‌یسه‌لمێنێت، جه‌مال خاشقچی، رۆژنامه‌نوسی دیاری سعودی، له‌ناو كونسوڵخانه‌ی سعودیه‌ له‌ئه‌سته‌نبوڵ كوژراوه‌".

 

هاوکات سه‌رچاوه‌ توركییه‌كان كه‌ بۆ رۆیته‌رز دوابون باسیان له‌وه‌ كردبو كه‌ پێیانوایه‌ خاشقچی له‌نێو كونسوڵخانه‌ كوژراوه‌و راوێژكارێكی ئه‌ردۆغان-یش هه‌مان بۆچونی هه‌بو.

جه‌مال خاشقچی، رۆژنامه‌نوسی دیاری سعودی و ره‌خنه‌گری سه‌رسه‌ختی سیاسه‌ته‌كانی وڵاته‌كه‌ی، رۆژی سێشه‌ممه‌ی رابردو 2ی ئۆكتۆبه‌ر پاش ئه‌وه‌ی سه‌ردانی كونسوڵخانه‌ی سعودیه‌ی كرد له‌ئه‌سته‌نبوڵ، دیار نه‌ما.

دوێنێش سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا رایگه‌یاندبو "ئه‌نكه‌ره‌و ریاز، له‌سه‌ر داوای سعودیه‌، بڕیاری پێكهێنانی گروپێكی كاری هاوبه‌شیان داوه‌ بۆ ئاشكراكردنی چاره‌نوسی جه‌مال خاشقچی".

پێشتر توركیا داوای له‌سعودیه‌ كردبو رێگه به‌ لێكۆڵه‌ره‌ توركه‌كان بده‌ن بچنه‌ نێو كونسوڵخانه‌ی سعودیه‌ له‌ئه‌سته‌نبوڵ.

هـ ـ ر