قاچاخچییانی بەلەمە نقومبووەکەی ئیجە دەستگیرکران

کوردستان

13/10/2018‌ 3039 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پۆلیسی تورکیا چوار قاچاخچی دەستگیرکرد، کە تۆمەتبارن بە بەڕێکردنی ئەو بەلەمەی بە 35 کۆچبەرەوە لە دەریای ئیجەدا نوقمبوو، کۆچبەرەکانیش جگە لە ئافرەتێکی خەڵکی زاخۆ، سەرجەمیان خنکان. 

پۆلیسی ئیزمیر چوار قاچاخچی بە تۆمەتی بەڕێکردنی 35 کۆچبەر بۆ دوورگەکانی یۆنان دەستگیرکرد. دەستگیرکردنەکە لە چوارچێوەی کەیسی ئەو بەلەمە بوو کە رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە ئیجەدا نقومبوو، لە ئەنجامدا 35 کۆچبەری کورد، عێراقیی و ئەفغانی خنکان.

بەپێی زانیاریی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن و قاچاخچێتی بە مرۆڤ لە ئیزمیر، سەرەتا تەرمی هەشت کۆچبەر دۆزراونەتەوە و ئافرەتێک بە ناوی "مهاباد ئیسماعیل عەلی" (تەمەن 30 ساڵ) کە خەڵکی هەرێمی کوردستانە، دوای 28 کاژێر مانەوە لە ئاوی ئیجەدا رزگارکراوە. 

تیمەکانی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە ئیزمیر رایدەگەیێنن، زانیارییان لەو ئافرەتە وەرگرتووە کە ئەو چوار کەسە بڕی 500 دۆلاریان لە هەر کۆچبەرێک وەرگرتووە بۆ ئەوەی لە ئیستەنبووڵەوە بیانگەیێننە ئیزمیر. شەوێک لە ئیزمیر داڵدەیانداون و دواتریش بردوویانن بۆ شارۆچکەی فۆچا.

تیمەکانی ئاسایشی ئیزمیر لەسەر زانیاریی ئەو ئافرەتەی خەڵکی زاخۆ توانیوویانە ناونیشانی قاچاخچییەکان دیاریبکەن و لە ئۆپەراسیۆنێکدا دەستگیربکرێن.

هەر بەپێی لێکۆڵینەوەی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن و قاچاخچێتی بە مرۆڤ، ئەو کەسەی بەلەمەی لێخوڕیووە هیچ مۆڵەتێک یاخود رێگەپێدانێکی نەبووە.

لەو بەلەمەدا، کە دەگوترێ جێگەی 10 کەسی لەسەر بووەتەوە، قاچاخچییەکان 35 کۆچبەری کورد، عەرەبی عێراقی و ئەفغانییان بەرەو یۆنان بەڕێکردووە، دوای نیو کاژێر بەلەمەکە تێکشکاوە و 34 کۆچبەریان خنکاون، تەنیا مهاباد ئیسماعیل بە مەلەکردن توانیوویەتی خۆی رزگاربکات، ئەویش هاوژینەکەی و پێنج منداڵی خنکاون.

تاوەکو ئێستاش گەڕان بەدوای 26 کۆچبەری بێسەروشوێن لە دەریای ئیجەدا بەردەوامە، کە بەشێکیان کوردن.

سەرچاوە: ڕوداو
هـ ـ ر