لەسەر داوای چوار فراکسیۆنی کوردی وەزیری ناوخۆی عێراق لێکۆڵینەوەی لە ساختەکاری هەڵبژاردنی کوردستان دەستپێکرد

کوردستان

13/10/2018‌ 1981 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەر چوار  فراکسیۆنی نەوەى نوێ  و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاندوە "وەزیری ناوخۆی عێراق بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکیدا لەسەر ساختەکردنی ناسنامەی عێراق لە هەرێمی کوردستان".

 لە بەیاننامەکەی ئەو چوار لایەنەدا هاتووە "ئەمرۆ شەممە، ۱۳ ی ئۆکتۆبەری ۲٠۱۸،قاسم ئەعرەجی، وەزیری ناوخۆی عێراق، لەسەر داوای هەریەک لە فراکسیۆنەکانی گۆڕان، نەوەی نوێ، کۆمەڵ و یەکگرتوو، فەرمانیکردووە بە دروستکردنی سێ لیژنەی تایبەتمەند بۆ لێکۆڵینەوە لە ساختەکردنی هەزاران ناسنامە و رەگەزنامەی عێراقی لە هەرێمی کوردستان و بەکارهێنانی بۆ ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی ۳٠ ئەیلولی ۲٠۱۸".

وەزیری ناوخۆ لە کۆبونەوەیدا لەگەڵ نوێنەری ئەو چوار فراکسیۆنە، کاوە محەمەد لە گۆران، سەرکەوت شەمسەدین لە نەوەی نوێ، ئەحمەد حاجی رەشید لە کۆمەڵ، جەمال کۆچەر لە یەکگرتوو، رایگەیاندووە "ساختەکردنی بەڵگەنامەی دەوڵەت تاوانێکی گەورەیە و دەستبەجێ لیژنەی بۆ پێکدەهێنین و مەترسییەکی گەورەشە لەسەر ئاسایشی وڵات".

ئەمەش لە دوای ئەوە هات ، هەفتەی رابردوو، هەریەک لە فراکسیۆنەکانی گۆران و نەوەی نوێ و کۆمەڵ پێکەوە داوایەکیان ئاراستەی وەزیری ناخۆی عێراق کرد و داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلەیانکرد لە ساختەکاری بەڵگەنامە و ناسنامە و رەگەزنامەی عێراقی و بەکارهێنانی لە ەڵبژاردنەکانی کوردستاندا.
هـ ـ ر