پارتی: پۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق و دوو وەزارەتی سیادی و خزمەتگوزاریمان بەردەكەوێت

عیراق

21/10/2018‌ 2766 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دانا جەزا، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە پشكی كورد لە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، پارتی پۆستێكی وەزارەتی سیادی و وەزارەتێكی خزمەتگوزاری بەر دەكەوێت ،و "گفتوگۆش كراوە لەسەر پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران كە پشكی پارتییە".

دانا جەزا بە ئاژانسی ئانادۆڵی راگەیاندووە، "عادل عەبدولمەهدی جوڵانەوەیەكی خێرای هەیە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت و كەسێكی قبوڵكراوە لەلایەن شیعەكان كە كاندیدی تەوافوقی هەموو لایەنەكانیانە، هەروەها سوننەكان لارییان نەبوو، لەلای كورد و شەقامی كوردستانیشەوە كەسێكی میانڕەو و قبوڵكراو بووە".

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دەڵێت، "پێشبینی دەكەم هەنگاوەكان بۆ ئەو ئاسانتر بێت و جوڵەكانیشی بە خێرایی دەستیپێكرد لە سەردانیكردنی لایەنەكان و پەیوەندی باشی لەگەڵ لایەنەكان دەستپێكرد".

دانا جەزا ئاماژەی بەوەشكرد، "دەنگۆی زۆر هەیە بەوەی لەم هەفتەیەدا دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام بدرێت و، كۆبوونەوەیەكی تایبەت بۆ پەسەندكردنی كابینە وەزارییەكەی عادل عەبدولمەهدی ساز بكرێت، بەڵام تا ئەمڕۆ ئەجێندای بەرنامەی كۆبوونەوەی پەرلەمان دیاری نەكراوە، هەروەها قسە لەسەر ئەوەش دەكرێت كە عەبدولمەهدی بەشێكی كابینەكەی رابگەیەنێت و چەند وەزارەتێك بمێننەوە كە دواتر وەزیرەكانیان بۆ دیاری بكرێت، بەڵام ئەوە تا رادەیەكی زۆر لەلایەن هەندێك لەلایەنە سیاسییەكان هەنگاوێكی باش نییە و، شەقامیش بە ئاسانی ئەوە قبوڵ ناكات، بۆیە رەنگە راگەیاندنی ئەو كابینە دوا بكەوێت تا بگاتە رێكەوتنی كۆتایی".

پەرلەمانتارەكەی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رونیشیكردەوە، تا ئێستا ئەو پۆستە وەزارییانەی بە كورد دەدرێت بە شێوەیەكی كۆتایی دیاری نەكراوە و لایەنە كوردستانییەكانیش بە جیا گفتوگۆ لەو بارەیەوە لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دەكەن.

دانا جەزا راشیگەیاند، "لە دوای ناكۆكییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستی سەركۆماری عێراق و نیگەرانییەكانی پارتی لە ئالیەتی هەڵبژاردنەكە، ساردییەكی لەنێوان هەردوولا دروستكرد، تا ئێستا نەتوانراوە پەیوەندییەكان یەكبخرێتەوە و پێشبینی دەكەم بۆ پێكهێنانی حكوومەت و كابینە نوێیەكەی حكوومەتی عێراقی لایەنە كوردستانییەكان بە جیا رێككەوتن بكەن لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی بۆ وەرگرتنی پۆستە وەزارییەكان".

دانا جەزا هەروەها دەڵێت، "بەپێی رێژەی كورسییەكانی پەرلەمان كورد لەسەدا 18ی پۆستە وەزارییەكانی بەردەكەوێت كە چوار پۆستی وەزاری دەكات، ئەوەی ئێستا باسی لێوە دەكرێت كە سێ پۆستی وەزارییە، ناهەقی بەرامبەر كورد تێدایە و پێویستە لەو بارەیەوە گوشار هەبێت، لەو بەشەی بەر كورد دەكەوێت پارتی دیموكراتی كوردستان پۆستێكی وەزارەتی سیادی و وەزارەتێكی خزمەتگوزاری بەر دەكەوێت و گفتوگۆش كراوە لەسەر پۆستی جێگری سەرۆكوەزیران كە پشكی پارتییە".
ه.م