شارپرێس:
١١ ڕێکخراوی
کۆمەڵی مەدەنی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایدەگەێنن "بە توندی ھەموو ئەو
دەستگیرکردنانە ئیدانە دەکەین و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەستبەسەرکراوەکان
دەکەین".
دەستگیرکردنی ئەندام و
لایەنگرانی تەڤگەری ئازادیی و ڕژاک و هاوڵاتیان لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە
کاردانەوەی لێکەوتوەتەوە.
هەریەکە لە سەنتەری
پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ DHRD، سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێکخراوی دابین
بۆ گەشەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ، ڕێکخراوی ھەڵوێست، ڕێکخراوی ھاریکاری یاسایی
ژنان WOLA، ڕێکخراوی ئاران بۆ پهرهپێدانی کەلتوری مهدهنی، سەنتەری
گەشەپێدانی چالاکی لاوان، ئینستتیوتی پهی بۆ پهروهرده و گهشهپێدان، ماڵی
سەرکەوتن، ناوەندی نیشتیمانی بۆ مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی کوردستان بۆ ھەمووان بەیاننامەیەکی
هاوبەشیان لەسەر ئەو دەستگیرکردنانە بڵاوکردەوە.
ئەو ١١ ڕێکخراوە لە
کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاندوە "ماوەیەکە ھەڵمەتێکی فراوانی
دەستبەسەرکردنی لایەنگرانی تەڤگەری ئازادیی و کادێرە دیارەکانیان لە پارێزگای
سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، لایەنە پەیوەندیدارەکان ھەموو جۆرە
چالاکییەکی ئەوانیان قەدەغەکردوە، وەک گردبوونەوە و خۆپیشاندان و تا کار گەیشتە
داخستنی ھۆڵی سینما سالم".
ئەو ١١ ڕێکخراوە ئاماژەیان
بەوەشداوە "ڕۆژی ھەینیش لە کاتی بەڕێوەچوونی چالاکییەکی تری مەدەنی دەیان
کادیر و لایەنگری تەڤگەر دەستبەسەرکران، ھەندێکیان ئازادکران و ئەوانی دیکە هێشتا
دەستبەسەرن".
لە بەیاننامەکەدا
ئەوەش هاتووە "ئەم ڕەفتارانەی ھێزە ئەمنییەکان لە کاتێکدایە، کە تەڤگەری
ئازادیی بە پێی یاسا کارپێکراوەکانی عێراق ڕێگە پێدراوە و ئەندامێکیان لەناو
پەرلەمانی عێراق ھەیە".
ڕێکخراوەکان وتوشیانە
"ئێمە بە توندی ھەموو ئەو ڕەفتارانە ئیدانە دەکەین و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی
دەستبەسەرکراوەکان دەکەین".
هـ ـ ر