پارتی: بەم دۆخەی ئێستای كەركوكەوە ھەڵبژاردن رەتدەكەینەوە

کوردستان

14/01/2019‌ 1039 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی رایگەیاند، ھەرچەندە لەگەڵ ئەوەدان كە ھەڵبژاردنەكە ئەنجام بدرێت، بەڵام بەو دۆخەی ئێستای كەركوكەوە، بە ھیچ شێوەیەك ناتواندرێت ھەڵبژاردن بكرێت.

خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی به‌ میدیای حزبه‌كه‌ی راگەیاندووه‌، "كۆمسیۆن پێشنیازی كردووە كە ھەڵبژاردنەكان لە كۆتایی ئەمساڵدا بكرێت، ھەڵبژاردنەكەیش ھەرێمی كوردستان ناگرێتەوە، تەنیا موسڵ، دیالە، سەڵاحەددین و كەركووك بەشی كوردستانی تێدایە، سەبارەت بە مووسڵ، دیالە و سەڵاحەددین، ئاساییە ھەڵبژاردنەكان بكرێت، بەڵام بەم دۆخەی ئێستای كەركووكەوە ھەڵبژاردنەكان رەت دەكەینەوە".

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراق دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ پێشنیازی دایه‌ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، كە لە رۆژی 16ی  تشرینی دووەمی 2019 ھەڵبژاردن لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام پارێزگاكانی ھەرێم ناگرێتەوە.

خەسرۆ گۆران لەبارەی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ كەركوك وتی، "لە 2005ـەوە تا ئێستا ھیچ ھەڵبژاردنێك لە كەركوك نەكراوە، كەركوك حاڵەتێكی تایبەتی ھەیە و پێویستی بە لێكتێگەیشتن و رێككەوتن ھەیە، ئێمە وەك كورد دژی ئەوە نەبووینە ھەڵبژاردنەكان بكرێت، بەڵام لایەنەكانی تر ناڕازی بوون، چونكە نەیاندەویست دان بە زۆرینەی كورددا بنێن لە كەركوك".

به‌پێی وته‌ی بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی "دوای 16ی ئۆكتۆبەر بارودۆخەكە گۆڕاوە، خەڵكێكی زۆری ئێمە ئاوارە بوونە و دەستبەسەر كراون، ھەروەھا ڕێژەیەكی زۆری عەرەب بە تایبەت عەرەبە ھاوردەكان گەڕاونەتەوە و لە كەركووك نیشتەجێیان كردوونە، كە پشتر دەرچووبوون و ئێستایش قەرەبوو كراونەتەوە".

هه‌روه‌ها پێشنیارده‌كات دۆخی كەركوك ئاسایی بكرێتەوە لە كۆتایی ئەمساڵدا، بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنەكان بكرێت یان دەبێت لە كەركوك نەكرێت، وەك چۆن پێشتریش نەكراوە.
ه.م