دەسەڵاتی گەرەک!

بیروڕا

14/01/2019‌ 1069 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

باش بوو جاری جاران میرێک هەبوو لە گەڵ هەموو کەم و کۆڕیی و بێئاگا‌هـ بوونی لە دونیا و لە میللەتی خۆی، هەڵپڕژان و جارو وبار شەڕە تفەنگ لە گەڵ میری ئەمبەر و ئەوبەر، بەڵام لە جوغرافیای خۆیدا هەر میر بوو، لە لای دەرودرواسێ، دۆست و دۆژمن و میللەتی خۆی، حوکمی دەرۆیشت و مەشروعییەتی هەبوو.
ئەوە چەند ساڵە لە لایان سەرۆکی یەک لەم عەشیرەتانە، ئێستا بەناوی سەرۆکی حیزبی مۆدێرن پێناسەی دەکەن، هەر دەم و نادەمێک لەپڕ و لەناکاو باسی دەوڵەت دەکەن، نەک جارێک و دوان و سێیان و... ئەوە بوو بە دەیان جار ئەمانە ئەم باسە بە نەزۆکی دێنە گۆڕ و لە دوایەشدا بە سەرشۆڕیی و دەست لە ئەژنۆیان درێژتر دەچنە بە بارەگای عەرەبەکان لە بەغدا، وەک ئەوەی نە بایان دیبێ و نە باران. ئەوجار هەر ئەوانەی دۆینێ بە پەنجە راوەشاندن و هەڕەشە و گوڕەشە لە بەغدا و عەرەب؛ ئیتر ئێوە جیران بن و تەڵاقمان دان، هاووڵاتی بۆ کام وڵات یەکەم جار بە پاسپۆرتی کوردیی سەفر دەکا و سەدان شێعر و بالۆڕە لێدان لە لایان ئەو موستەفید و بەرماوخۆرانە بە ناوی "نوخبە و رۆشنبیر" یەک جێ ١٨٠ دەرجە دەگۆڕێن و لە هۆڵەکانی بەغدا و هەوڵیر هەر ئەوان ئەوجار باسی شەراکەتی راستەقیینە و زەروورەتی بەشداری لە عێراقی واحید، شەڕە خەنجەر لە سەر پۆستی سەرکۆماری عێراق، بە دەیان تئۆریی و شانتاژ و قسەی بێ مانا و دوور لە عیلم و زانستمان بۆ دەکەنەوە و هەر پێش نازانن هەر ئەو زاتە  موبارەکە دۆینێ چی دەگووت و ئەمڕۆ چی دەڵێت؟!
ئێستا ئەوە چەند رۆژە لە چێکردنی دەوڵەتی مۆدێرن و موئەسساتی هاتووینە سەر حوکمی گەرەک و تەنانەت خانەوادە بچووکەکانی ناو بنەماڵەکان!
سەیر ئەوەیە ئەو "نوخبە"یە کە خۆی وا وێنا دەکا لە خانەوادەیەکی ئەو بنەماڵەیە نزیکە و نووسینەکانی هەموو لە رووی عیلم و زانیاریی و دەزگا سیخور و ئەمنی و ئیستخباراتێکانەوە بۆ دێ، و بە داخەوە سایت و رۆژنامەنووسی دێیەکەی ئەمبەریش پێی سەرسام و موعجیبن و بە بێ ئەوەی وتارەکەیان بۆ بنێرێت یەکسەر هەر خۆیان بڵاوی دەکەنەوە و  روخساری سایت و رۆژنامەکەیانی پێ ناشیرین دەکەن، دیسان زۆر "دایی جان ناپلئون"انە تەحلیل و لێکدانەوە نا بەڵکوو وەک ئەوەی تەنیا ئەو مەعلومات و عیلمی هەیە دیسان کەتۆتە  هینا و بردن و حیکمەتی گەورەی ئەمریکا و بە هێند وەرگرتنی ئەم سەرۆک خانەوادانە لە سەردانەکەی هەفتەی رابردوویی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئاغای مایک پۆمپیۆ. لێرەوە ئەم موحەلیلەی سیاسەتەکانی ئۆردۆغان دلنیا دەکەمەوە، تەیارەکەی ئاغای پۆمپیۆ دوای ئەو هەموو کۆبوونەوەی جیا لەگەڵ خانەوادەکان، هەر لە ئاسمانی هەوڵیر بووە کە دەیان جار وشەگەڵی "F"ی لە زار دەڕپەریوە! 
ئاخر کوڕی باش ئەو کە وەک گەرەک و عێل و عەشیرە سەیری کورد دەکا تۆ بۆ تێناگەی و بە جیا سەردانی باوک و کوڕ و زاوا و ئەم وئەو، تیئۆریزەیەکی درۆزنانە دەکەی و دەرخواردی خەڵکیی دەدەی کە ئەمریکا ئەها چەند کوردی بەلاوە مەتڵبە، ئاخر ئەی نوخبەی نا رۆشەن! ئەمریکا لە کام وڵات رەفتاری وا دەکا؟! سەردانی هەفتەی رابردووی ئەمریکا زۆر دیار و روون بوو دیدی ئەوان بۆ کورد تەنیا دەسەڵاتی گەرەک و خێل و عەشیرەیە و تەنانەت شکافەکانی مام و ئامۆزاکانیش دەزانن و بە پشی پشی پێکردن هەروەک سەردەمی "خاتوو بێل" کە خەریک بوو ئەمیر و ئەمیرزادەکانی هەموو دنیای عەرەبی لە دوای سایکسپیکۆ لە سەر پەنجە توتەی هەڵدەسوڕاند، ئەوە خەریکن هەر ئەو سیاسەتەش لە گەڵ مام و برازا و کوڕ وبلیمەتەکانی مەملەکەتی لەمەڕ تۆش دەگێڕن و ئەم جۆرە سەردان و تەعامولە لە گەڵ کورد تەنیا بێحورمەتی و بە هیچ نەگرتنمانە و تۆش ئیتر بۆ چەند ئیمتیاز و موستەفید بوون دەست هەڵگرە لەم جۆرە تەحلیل و بەناو تئۆریی و عیلمی ناراست و لە ورگ دەرهاتوو. زۆر روون بوو ئەم جۆرە دیدار و بەسەرکردنەوانە لە لایان وڵاتان و زلهێزانی دونیا و دەر و دراوسێ روانگەی ئەوانمان پێ دەڵێت لەسەر کورد و ئەم "سەرکردانە" کە نەتەنیا وەک دەوڵەت وهەرێم و زۆنی سەوز و زەرد سەیرمان ناکەن، بەڵکوو هەرکام لە وانەیان پێ مافیای گەڕەکێکە!