تەفسیری تویتەکانی ترەمپ

بیروڕا

14/01/2019‌ 1351 جار خوێندراوه‌ته‌وه


ترەمپ سێ تویتی کرد پەیوەست بە سوریا و کورد
هەریەک لە ئەم سێ تویتە زانیاری زۆری تیادایە. سروشتی تویت وەهایە کە ڕستەی پچڕ پچڕە، هەندێک دەڵێت ترەمپ بە ئەنقەست هەڵەی ڕێزمانی دەکات بۆ ئەوەی وەک خەڵكی ئاسایی دەربکەوێت، یان خەڵکە دەنگدەرەکەی ئەوەندە باش زمانی نوسین نازانن.

بەڵام سەرباری ئەمە تویتەکان بارگاوین بە مانا و سیمبول و هەڵوێست.

تویتی یەکەم، کاتێک ترەمپ بڕیاری کشانەوەی دا، لە وێدا ترەمپ باسی کشانەوەی کرد وەک هۆکارێکی سەرەکی بۆ کشانەوە، بەوە دەستی پێکرد کە داعش لە سوریا دۆڕاوە، ئەوەش تەنها هۆکاری من، سەرۆک ترەمپ بوو لەوێ. 

کەواتە ئەگەر تویتەکە دابڕێژینەوە، دەکرێت بەم شێوەیە بێت. ئامانجی سەرەکی سەرۆک ترەمپ لە سوریا شکستپێهێنانی داعشە، ئێستا کە ئەو ئامانجە فەراهەم بوە، ئەوا کاتی ئەوەیە کە هێزەکانمان بکشێنینەوە، چونکە ئەوە تەنها ئامانجی سەرۆک ترەمپە لە بونی سەربازی ئەمریکی لەو وڵاتە.
دیارە ئەمە پاش گفتوگۆ هات لە گەڵ ئەردۆگاندا.
هەر زوو، ڕەخنەکان سەریان هەڵدا، کە بە گشتی لە سەر ئەم بنەمایانە بوون:
یەکەم، داعش کۆتایی نەهاتوە. دووەم، نابێت هێزەکانمان وەها بە خێرایی بکێشینەوە، سێیەم، ناتوانین کاروباری ئاسایشی خۆمان بە هێزێکی تر بسپێرین، چوارهەم، ئەو هیزە کە ئەمریکایە بەو کارە هەڵناسێت، بەڵکو دژایەتی کورد دەکات زیاتر لە داعش. پێنجەم، ئەمە زیان بە هاوپەیمانەکانمان دەگەیەنێت. شەشەم، ئەوەی براوەیە ئێران و روسیان. هەشتەم، ئەمە هەمان هەنگاوە کە ئۆباما نای، پێش داعش لە عێراق.

ئەم ڕەخنانە، وەها دیارە کاریگەرییان لە سەر ترەمپ هەبووە، بۆیە دوێنێ پاش تەماشاکردنی بەفر بارین لە پەنجەرەی کۆشکی سپیەوە، دوو تویتی تری کرد لە درێژەی ئەم پرسەدا:

تویتی یەکەم دەڵێت، ئەو کشانەوەی کە دەمێکە دەبوو ڕویبدایە، دەست پێدەکەین لە سوریا. لە هەمانکاتدا ئەو کەمە داعشە ماوە بەردەوام دەبین لە لێدانی، لە زۆر لاوە. ئەگەر داعش سەرهەڵبداتەوە ئەوا لە بنکەی نزیکیەوە لێیدەدەین. ئابوری تورکیا وێران دەکەین ئەگەر لە کورد بدات. ناوچەیەکی ئارامی ٢٠ میلی دروست بکە.
ئەم تویتە وەرچەرخانێکی گەورەیە لە تویتەکەی پێشتر:

یەکەم، دان پیانانە کە داعش تەواو نەبوە. دووەم، بەردەوام بوون لە لێدان. سێیەم، هێشتنەوەی بنکە لە ناوچەکە. چوارهەم، بەردەوامی پرۆسەی ئاسمانی. پێنجەم، هەڕەشە لە تورک بۆ ئەوەی دژ بە کورد هیچ کارێک نەکەن. ئەم هەڕەشەیە دەگەڕێتەوە بۆ تویتێکی تری ترەمپ تاریفەی خستە سەر کاڵای تورکی بە تایبەتی ئەڵەمنیوم و پۆڵا. پاشان ئاماژە دان بەوەی کە پەیوەندی ئەمریکا لە گەڵ تورکیا لە ئێستادا باش نیە، ئەو کاتە زیاتر پرسی قەشە ئەمریکیەکە لە ئارادابوو، بەڵام زیاتر پرسێکی ڕوکەش بوو، لە بڕی جیدیی.

تویتی دووەمی دوێنێی ترەمپ تەواکەری تویتی یەکەمیەتی، کە تیایدا دەڵێت:

بە هەمانشێوە نامەوێت کورد تورک بئاڵزکێنێت. ئیناج دێتە سەر پرسێکی تر وەک وەڵامی ئەوانەی کە پێیان دەوت کشانەوە لە قازانجی روسیا و ئێران و سوریایە، کە دەڵێت داعش زیاتر دوژمنی ئەوانە و مەترسی لە سەر ئەوان زیاتر هەتا لە سەر ئەمریکا. دیارە ئاڵۆزییەک لێرەدا هەیە. ئەوانەی کە ئەم ڕەخنەیان دەگرت مەبەستیان ئەوەبوو کە ناوچە کوردییەکان لە لایەن ئەو هێزانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت. بەڵام ترەمپ دەڵێت ئەگەر داعش بێتەوە، ئەوا لە زیانی هەموان دەبێت. ئەمە لەو ڕوانگەیەوەیە کە ئەمریکا ئەم شەڕە ئەکات تەنها بۆ خۆی ناکات لە سودی ئەوانیتریشە، بەڵام پێی نازانن. ئەمە یەکێکە لە کێشەکانی ترەمپ. لە داهاتوودا باسی ئەم دۆخەی ترەمپ دەکەم کە چۆن لە هەمووی بێزاربووە. 

ئەوەی ڕوون نیە بۆ من ئایا ترەمپ مەبەستی چیە کە دەڵێت ئەم شەڕە ناکۆتا بوستێنن، بە کێ دەڵێت؟