ئاسایشی سلێمانی کەسێکی بەتۆمەتی دەسترێژیکردنە سەر کچێکی خاوەن‌پێداویستی تایبەت دەستگیرکرد

کوردستان

16/01/2019‌ 1124 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئاسایشی سلێمانی ڕایدەگەێنێت "کەسێکیان دەستگیرکردوە بەتۆمەتی دەسترێژیکردنە سەر کچێکی خاوەن پێداویستی تایبەت".

ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێوبەرایەتی ئاساشی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە "کەسێکیان بە تۆمەتی دەستدرێژی کردنە سەر کچێکی خاوەن پێداویستی تایبەت دەستگیرکردوە و ئەو کەسەی دەسگیرکراوە خێزاندارە و تەمەنی ٣٠ ساڵە و خاوەنی دوو منداڵە و دانی ناوە بەتاوانەكەیدا".

بەڕێوبەرایەتی ئاساشی سلێمانی ئاماژەی بەوەداوە "ڕۆژی ٧ ی ئەم مانگە، تۆمەتبارەکە ئۆتۆمبیلێکی تاکسی بە ئەمانەت وەرگرتووە بۆ ڕاپەڕاندنی ئیش و کارەکانی و کاتێک تۆمەتبارەکە ڕێگەی کەوتووەتە گەڕەکی ئیسکانی شاری سلێمانی و کچێکی خاوەن پێداویستی تایبەت دەستی لێڕاگرتووە، تۆمەتبارەکەش بردوویەتی بۆ بناری شاخی گۆیژە و دەستدرێژی کردووەتە سەری، ڕۆژی ١٤ ی ئەم مانگەش هێزەکانی ئاسایش دەستگیریان کردووە".

ئاسایشی سلێمانی ئەوەشی وتوە "بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ئاسایش و راپۆرتی پزیشكی دادوەری، راستی تاوانەكە سەلمێندراوە و بەپێی مادەی ٣٩٣ لە یاسای سزادانی عێراقی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەدا بەردەوامە".
هـ ـ ر