کە رەمزەکانی میدیای ئازاد بێدەنگ بوون!!

بیروڕا

17/01/2019‌ 689 جار خوێندراوه‌ته‌وه

"لەساڵی ٢٠١١ لە فیلیپین چەند بەرپرسێکی سیاسی بە بەکارهێنانی چەند پیاوکوژێکی بەکرێگیراو لەبەرامبەر تەنها ٢٥٠ دۆلار رۆژنامەنوسێکیان کوشت.لە سلۆڤاکیا بەهەمان شێوە رۆژنامەنوسی بەناوبانگ یان کۆچیاک و هاوسەرەکەی مارتینا کۆسنرۆڤا کوژران لەبەرامبەر ٨٠ هەزار دۆلار کە درابوو بە بەکرێگیراوەکان." 
هەموو سالێک رۆژنامەنوسان بەهۆی کارەکەیانەوە دەکوژرێن، لەمبارەیەوە بەگوێرەی راپۆرتێکی کۆمیسیۆنی پاراستنی رۆژنامونوسان لە ساڵی ١٩٩٢ ەوە ١٣٢٤ رۆژنامەنوس لەکاتی ئەرکەکانیان کوژراون و ٨٤٩ یان بەهۆی راپۆرتەکانیانەوە لەسێدارە دراون. لە سەدا ٩٠ ی ئەنجامدەرانی ئەوکردەوانەش لە دادگا قوتاربوون. 
بیرهێنانەوی ئەم ژمارانە بۆ ئەوە نیە هاوڕێانی رۆژنامەنوسم بترسن یان دودڵ و نیگەران بن لە ئەرکی ئێستایان کە لەمەترسیدایە، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە بڵێین سەڕەرای ئازار و هەرەشە و کوشتار لە جیهاندا بە دەیان و سەدان مرۆڤی ئازا هەن کە بەرگری لە ئازادی ڕادەربرین دەکەن. 
هەموو دەسەڵاتێکی ستەمکار بۆئەوەی کۆمەڵگە بێدەنگ بکات و کۆنترۆڵی بکات سەرەتا دەست دەبات بۆ دوو دامەزراوەی گرنگ کە ئەوانیش دادوەری و میدیای ئازادە، ئەو دوو دەزگایە کە کۆنترۆڵکران ئیتر زەمانەتی بێدەنگی دەکەن.
ئەوەی لەکوردستان ئێستا دەبینرێت و بە ئاشکرا کاری بۆ دەکرێت کپ کردنی چەند دەنگێکی کەمە کە ماون، چونکە دەسەلاتی ستەمکار نەک تەنها میدیا بەڵکو لە بێدەنگکردنی ئۆپۆزیسیۆنیش سەرکەوتوو بوو، ئەویش بە بیدەنگکردنی رموزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و رموزەکانی میدیای ئازاد، کە هەمویان خامۆش و بیدەنگن... دیارە ئەمەش بێبەرامبەرنیە، هیچ کام لەوانە بەبێ هۆ بێدەنگ نەبووە. بەڵام ئەوەیان لەبیرکرد کە کپکردنی دەنگی ئازاد لەبەرژەوەندی دەسەڵاتەو هیچ کۆمەڵگەیەک ناتوانێت دیموکراسی پەرەپێبدات بێ ئازادی ڕادەربرین. 
ئەوەی مایەی نیگەرانیە لە جیهاندا ئەوشەڕە بەردەوامەو رۆژنامەنوسان ئازایانە بەرگری دەکەن، بەڵام ئەو کچ وکورە ئازایانەی لە میدیا ئەهلی و ئازادەوە هاتنە نێو مەیدان لە كوردستان و سەرسەختانە بەرگریان لە ئازادی رادەربرین دەکرد ئێستا کپ و بێدەنگن. هەموومان دەزانین پێدانی بڕێک پارە لە دەسەڵاتەوە تێچونێکی زۆر نیە بۆیان کە ئەتوانن ملیۆنەها خەرج بکەن بۆئەوەی ئازادی ڕادەربڕین نەهێلن، لەبەرئەوەی لەبەرامبەردا ملیارەها دەبەن بۆخۆیان و خانەوادەیان. 
ئەوەی مایەی خۆشحاڵیە تا ئێستا دەنگ ماوە بۆ بەرگری لەو ئازادیە و رەنگە رموزی گەورەی نوێ بێتە کایەوە بۆ بەرگری لە ئازادی رادەربرین و گرنگترینیشیان ئەوەیە کە سۆشیال میدیا بەشێک لەو بۆشاییەی پڕ کردۆتەوە کە ناتوانن بە تەواوەتی کۆنترۆلی بکەن.
ئارام سەعید