وڵاتانی ناوچه‌كه‌ سه‌رقاڵی خۆ پڕچه‌ككردنن

جیهان

12/02/2019‌ 540 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەهۆی پاشەکشەی ئەمەریکا لە ناوچەکە، وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست زیاتر خۆیان پڕ چەک دەکەن 
 
كۆنفرانسی میونخ بۆ ئاسایش ٢٠١٩، کە وابڕیارە لە هەرێمی باڤاریای ئەلمانیا رێکبخرێت ئاشکرای کردووە، کە بەهۆی پاشەکشەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، وڵاتانی ناوچەکە لەماوەی ٥ ساڵی رابردوودا کێبڕکێی خۆپڕچەککردنیان زۆر زیاد کردووە، کە بە قسەی راپۆرتەکە ئەمە هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکە دەکات.
 
رۆژنامەی "فیڵت"ی ئەڵمانیایی بە پشتبەستن بە راپۆرتی میونخ بۆ ئاسایش و بەرگری گوتوویەتی " لەوەتەی ساڵی ٢٠١٣ و لەماوەی ٥ ساڵی رابردوودا، قەبارەی فرۆشتنی چەک لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست دووقات بووە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ کەمبوونەوەی بوونی سەربازی ئەمەریکا لە ناوچەکە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە لەنێوان ١٠ وڵات کە زۆرترین خەرجیی سەربازییان هەیە، ٧ دەوڵەتیان لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراستن لەنێویاندا : سعودیە، کوێت، تورکیا، ئیسرائیل، هەروەک راپۆرتەکە دەڵێت ئیران لەرووی قەبارەی هێزەکانی و ژمارەی تانک و ژێردەریاییەکانی لەپێش رکابەرەکانییەوەیە لە ناوچەکە.

بەپێی زانیارییەکانی گینس مارکیتس فۆرکاست لەنێوان ساڵەکانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٨ دا ،  لەسەدا ٥٣ ی ئەو چەک و چۆڵەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست دێت چەکی ئەمەریکایین ، لەکاتێکدا فەرەنسا پلەی دووەمی هەیە لەرووی هەناردەکردنی چەک بۆ ناوچەکە بە رێژەی لەسەدا ١١ ، وە بەریتانیا بەرێژەی لەسەدا ١٠ ،  لەکاتێکدا هەناردەی چەکی ئەڵمانیایی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیا لەسەدا ٣ یە .

 
راپۆرتەکە سەرنجی ئەوەیداوە کە بڕیاری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کێشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە سوریا و ، پشتبەستنی بە سیاسەتی رووبەڕووبوونەوەی ئێران دوای پاشەکشەی لە ڕێکەوتننامە ناوەکییەکە ، کاریگەری دەبێت لەسەر دووبارە درووستکردنی هاوسەنگی لە ناوچەکە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، سیاسەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ پشتیوانیکردنی هاوپەیمانە کلاسیکییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست ، بەتایبەت  سعودیە و ئیسرائیل و میسر ، کاریگەری دەبێت لەسەر سرووشتی هاوسەنگییە سەربازییەکان 

شایانی ئاماژە بۆکردنە کۆنگرەی میونخ بۆ ئاسایش و بەرگری ، گرنگترین کۆنگرەی بەیەکگەیشتنی پسپۆڕانی بواری سیاسەتی ئەمنییە لەسەر ئاستی جیهان ، واش چاوەڕوان دەکرێت لە کۆنگرەی ئەمساڵ کە وابڕیارە لەنێوان ١٥ تا ١٧ ی شوبات بەڕێوەبچێت ، نزیکەی ١٠٠ وەزیر و ٤٠ سەرۆک حکوومەت و سەرۆک دەوڵەت بەشداری تێدا بکەن .


وەرگێڕان: ئاکۆ عه‌بدوڵا ئاڵی