هەڵوێستی فراكسیۆنی یەكێتی لەبارەی كۆبوونەوەكەی پەرلەمان

کوردستان

14/02/2019‌ 1537 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پەرلەمانتارانی یەكێتی نیشتمانی چاوەڕوانی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی حیزبەكەیان و پارتی دیموكرات دەكەن تا بڕیار لەبەشداریكردن و نەكردنی كۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان بدەن.

لەو بارەیەوە پەرلەمانتار لوقمان وەردی، كە بەنوێنەرایەتی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی بەشداری كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆكی كاتی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكانی كرد بۆ میدیای فەرمی حیزبەكەی رایگەیاند، یەكێتی لە هەموو لایەنەكان زیاتر هەوڵدەدات كۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت، بەڵام فراكسیۆنی یەكێتی چاوەڕوانی كۆبوونەوەی سبەینێی هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی دەكات و لەدوای كۆبوونەوەكە بڕیاردەدەن، كە فراكسیۆنی یەكێتی بەشدار دەبێت یاخود نا.

لوقمان وەردی راشیگەیاند، بۆ خەڵكی كوردستان زۆر گرنگە، كە بەیەك پاكێچ لەكێشەكانی كورد لەبەغداو بارودۆخی كەركوك و پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم بڕوانرێت‌و "ئێمە لەو روانگەیەوە دەمانەوێت خزمەتی هەموو كۆمەڵانی گەلی كوردستان بكەین".

هەروەها نەیشاردووەتەوە، رێككەوتنی سیاسی یەكێتی و پارتی و بڕیاردان لەكۆبوونەوەی سبەینێی هەردوو مەكتەبی سیاسیدا، بارودۆخی هەرێمی كوردستان دەخاتە پێشتر.

ئەمە لەكاتێكدایە، بڕیارە رۆژی 18ی ئەم مانگە كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان ئەنجامبدرێت، كە لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆكی كاتی پەرلەمان‌و سەرۆك فراكسیۆنەكان بڕیاری لێدراوە.

هـ ـ ح