رزگار عه‌لی: له‌گه‌ڵ پارتی لەسەر ناوى کاندیدی پارێزگاری كه‌ركوك ڕێكنه‌كه‌وتووین

کوردستان

05/03/2019‌ 2094 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌ڵێ، له‌گه‌ڵ پارتی لەسەر مەبدەئەکە ڕێککەوتوین کە پۆستەکە بۆ یەکێتى بێت و دواتر لەسەر ناوى کاندید ڕێکدەکەوین".

له‌میانی چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ڕزگار عه‌لی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی ڕایگه‌یاند، هەموو کاتێک گرنگە کورد گفتووگۆ لەگەڵ عەرەب و تورکمان بکات، بەتایبەت تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوانمان بۆ دروستکردنى ئیدارەیەکى نوێ نیە.

ڕزگار عه‌لی كه‌ میدیاكان ناوی وه‌ك كاندیدی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك ده‌هێنن ڕایگه‌یاند، "لەسەر ناوى کاندید ڕێکنەکەوتووین، لەسەر مەبدەئەکە ڕێککەوتوین کە پۆستەکە بۆ یەکێتى بێت و دواتر لەسەر ناوى کاندید ڕێکدەکەوین".

پێشتر بەرپرسانى پارتى دیموکراتى کوردستان گەرانەوەیان بۆ کەرکوک رەتدەکردەوە، تائەوکاتەى دۆخى شارەکە ئاسایى دەکرێتەوە، لەو بارەیەوە ڕزگار عەلى وتى"پارتى لە شەنگالەوە تا خانەقین جەماوەرى خۆى هەیە، رۆژێک هەر دەگەرێنەوە، بەڵام بیروبۆچوونیان ئەوەیە هێشتا کاتى گەڕانەوەیان نەهاتووە".

لەبەشێکى ترى قسەکانیدا بۆ دەنگى ئەمەریکا، ڕزگار عەلى بە گرنگى زانى کورد ئامادەکارى بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق بکات و بەیەک لیست بڕواتە هەڵبژاردنەوە، چونکە وەکئەو دەڵێت"گەر پەرتەوازە بین و بەلیستى جیا بڕۆینە هەڵبژاردنەوە، زەرەر دەکەین".

ڕ . ج