نێچیرڤان بارزانی جەخت لەچارەسەركردنی كێشەكانی هەولێرو بەغدا دەكاتەوە

عیراق

17/03/2019‌ 662 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان جەختی لەچارەسەركردنی كێشەكانی هەولێرو بەغدا كردەوەو ئەوەش لەرێگەی دەستوورەوە.

نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، ئێستا پەیوەندی نێوان هەولێرو بەغدا باشە، هەوڵی باشتركردنی دەدەن، ئەوەش بەگفتوگۆو چارەسەری كێشەكان لەرێگەی ماددەو بڕگەكانی دەستووری عێراقی.

قسەكانی سەرۆكی حكومەت لەمیانی وتارێكی هات لە مەراسیمی كردنەوەی پێشانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گەشتوگوزار لەهەولێر (مێتێكس) راشیگەیاند،  هەرێمی كوردستان زەمینەیەكی لەبار و ماددەیەكی خاوی زۆر باشی گەشتیارییە، دەكرێ زۆر زیاتر لەوەی كە هەیە بقۆزرێتەوە و بكرێتە ناوەندێكی دیاری گەشتیاری لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

نێچیرڤان بارزانی هەروەها رایگەیاند، ئەگەر دۆخی سەختی چەند ساڵی رابردوو نەبوایە، حكومەتی هەرێمی كوردستان پلانێكی فراوانی بۆ برەودان و پێشخستنی كەرتی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان جێبەجێدەكرد

دەقی وتارەكەی سەرۆكی حكومەت:
بەیانیتان باش، هەموو لایەكتان بەخێر بێن بۆ پێشانگەی گەشتیاریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەخێرهاتنێكی تایبەتی بەڕێز عبدالامیر الحمدانی وەزیری ڕۆشنبیری و گەشتیاری و شوێنەواری عێراقی، بەڕێزان سەرۆكی لیژنەی ڕۆشنبیری و گەشتیاری و شوێنەوار لە پەرلەمانی عێراق، باڵیۆزان، دیپلۆماتكاران، كونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان، سەرۆكی دەستەی فڕۆكەوانیی مەدەنیی عێراق و هەموو ئەو كۆمپانیا و وەبەرهێنەر و میوانە بەڕێزانە دەكەم كە لە دەرەوە هاتوون و بەشدارییان لەم‌ پێشانگەیەدا كردووە.

خۆشحاڵم كە ئەم بەیانییە، بەشداریی ئەم چالاكییە دەكەم. هیوادارم پێشانگەكەتان سەركەوتووانە كارەكانی بەڕێ بكات و ئەنجامێكی باشی لێ بكەوێتەوە. ببێتە هۆكارێك بۆ برەودانی زیاتر بە بواری گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان. سوپاس بۆ وەزارەت و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار خاتوو نەورۆز مەولوود، بۆ هاوكاری و پشتگیرییان لەم چالاكییە.

سوپاسی ڕێكخەرانی پێشانگەی گەشتیاریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست "میدل ئیست تۆریزم ئێكسپۆ" و دەستەی گەشتوگوزاری سەر بە وەزارەتی شارەوانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی دەستە، بەڕێز مەولەوی جەبار دەكەم.

بەڕێزان..
هەرێمی كوردستان زەمینەیەكی لەبار و ماددەیەكی خاوی زۆر باشی گەشتیارییە. دەكرێ زۆر زیاتر لەوەی كە هەیە بقۆزرێتەوە و بكرێتە ناوەندێكی دیاری گەشتیاری لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. زۆرترین ئەو توخمانەی تێدایە كە بۆ گەشتیارییەكی پێشكەوتوو پێویستن. لە هەرێمی كوردستان هەر چوار وەزری ساڵ دەرفەتی گەشتیاری هەیە. 

سروشتێكی سەرنجڕاكێش، دەشت و دۆڵ، گرد و شاخ و چیا، چەم و ڕووبار و كانی، دارستان و سەدان شوێنەواری مێژوویی، هەموو توخمە پێویستەكانی گەشتیاری لە هەر چوار وەرزەكەی كوردستاندا فەراهەمن. لە هەموویشی گرنگتر ئامادەیی و ژینگەی كۆمەڵایەتی و كۆمەڵگەی خەڵكدۆست و میوانپەروەری كوردستانە كە هەمیشە حەزی لە خۆشی و لە ژیان، لە ئارامی و ئاشتەوایی یە. خەڵكێكە هیچ كێشەیەكی لەگەڵ بیر و فەلسەفەی گەشتیاریدا نییە.

ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە ئەو بوارە بە باشترین شێوە بەكار بهێنرێت و بقۆزرێتەوە. هیوادارم ئەم پێشانگەیە بتوانێت لەمڕووەوە خزمەتێكی باش پێشكەش بكات و وەبەرهێنەران هان بدات بۆ وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری لە بواری گەشتیاریدا لە هەرێمی كوردستان. ببێتە هاندەرێك بۆ هاتنی زیاتری گەشتیاران بۆ هەرێمی كوردستان لەمساڵ و لە ساڵانی داهاتوودا. وا بكات هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەنی باشترین خزمەتگوزاریی گەشتیاری و ڕووگەیەكی سەرەكیی گەشتیاران له وڵاتانی ناوچەكە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی.

بێگومان ئەگەر دۆخی سەختی چەند ساڵی ڕابردوو نەبوایە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پلانێكی فراوانی بۆ برەودان و پێشخستنی كەرتی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرد، هەر لە ڕێكخستنەوە و فراوانكردنی ژێرخانی گەشتیارییەوە، تا دەگاتە پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاریی گەشتیاری لە هەموو بوارەكانی گەشتیاریدا. 

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە پلەی یەكەم و بە شێوەیەكی سەرەكی پشت بە كەرتی تایبەت دەبەستێت بۆ بنیاتنانی كەرتی گەشتیاری. كەرتی تایبەت دەتوانێت بۆ بنیاتنانی ژێرخانێكی تۆكمە و فراوانی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان ڕۆڵی یەكلاكەرەوە بگێڕێت. دەبێ دۆخ و بەسەرهاتەكانی چەند ساڵی سەختی ڕابردوو ببنە پەند و وانە بۆ هەرێمی كوردستان. دەبێ بە هەموو شێوەیەك كار بۆ ئەوە بكەین كە هەرێمی كوردستان زۆرترین داهاتی خۆی نەك لە نەوت و سامانە سروشتییەكان، بەڵكو لە كەرتەكانی دیكەی گەشتیاری، كشتوكاڵ و پیشەسازییەوە، دابین بكات.

لەسەر ئەم بنەمایە لێرەدا‌ ئەم بۆنەیە بە دەرفەت دەزانم دووبارە داوا لە وەبەرهێنەران و سەرمایەدارانی بیانی و ناوخۆیی بكەم تاكو بێن كار و وەبەرهێنان لە كەرتی گەشتیاریی هەرێمی كوردستاندا بكەن. بە دڵنیاییەوە دەڵێم: زەمینەی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان هێندە لەبارە، دەكرێ لە چەند ساڵی داهاتوودا ببێتە سەرچاوەیەكی گەورەی قازانج بۆ وەبەرهێنەران، هەروەها بۆ هەرێمیش ژێرخانێكی دەوڵەمەندی گەشتیاری بنیات بنرێت كە ببێتە یەكێك لە سەرچاوە سەركییەكانی داهات، سەدان هەزار دەرفەتی كاریش دابین بكات.

هەرێمی كوردستان تەنیا بە هەبوونی سێ كەرتی بەهێزی گەشتیاری، كشتوكاڵ و پیشەسازی دەتوانێ خۆی لە مەترسی و ئەنجامە خراپەكانی پشتبەستن بە تەنیا كەرتی نەوت ڕزگار بكات. بۆیە دووپاتی دەكەینەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هاوكاری و ئاسانكارییەك پێشكەش دەكات تا ڕێگەی بەردەم وەبەرهێنان لە كەرتی گەشتیاریدا خۆش بكات و وا بكات سەرمایەی زۆر گەوەری بیانی و ناوخۆیی لە كەرتی گەشتیاریی هەرێمی كوردستاندا بەگەڕ بخرێت. برەودان و پێشخستنی كەرتی گەشتیاری یەكێك لە ئەولەویەتە‌كانی داهاتووی حكوومەت دەبێت.

دەزانین هەندێ جار یاسا و ڕێنماییەكان، هەندێ جاریش ڕۆتین و ڕێكارەكان و كارگێرییەكی سست و لەسەرخۆ، وایانكردووە وەبەرهێنەر دوودڵ بێت، یان دوور بكەوێتەوه و نەوێرێت وەبەرهێنان بكات! بەڵام لێرەوە دەمەوێ هەموو لایەك دڵنیا بكەمەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی چاكسازییەكانیدا هەرچی پێویستە دەیكات بۆ نەهێشتنی كەموكوڕییەكان و هەنگاو بە هەنگاو زەمینەیەكی باشتر بۆ وەبەرهێنان لە هەموو كەرتەكاندا فەراهەم دەكات.    

هەر لە سەرەتاوە سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوە بووە كە ڕۆڵێكی گەورە بداتە كەرتی تایبەت بۆ ئەوەی لە هەموو بوارەكانی ئاوەدانكردنەوە و بنیاتنان و برەودان بە هەموو كەرتەكانی ژیان لە هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی كارا هاوبەش و بەشدار بێت. بەدڵنیاییەوە لە قۆناغەكانی داهاتوودا، ئەو بەشداری و هاوبەشییەی كەرتی تایبەت بۆ پێشخستنی هەرسێ كەرتی گەشتیاری، كشتوكاڵ و پیشەسازی، گەورەتر و فراونتر دەبێت.

ئامادەبووانی بەڕێز،

ئێمە بە ئومێدەوە دەڕوانینە داهاتووی پەیوندییەكانمان لەگەڵ بەغدا. دەمانەوێ هەنگاو بە هەنگاو هەموو كێشەكانمان لەگەڵ حكوومەتی فیدرالی عێراق لە چوارچیوەی دەستووردا چارەسەر بكەین. هیوادارین باشبوونی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا، هاندەرێكی دیكە بێت بۆ وەبەرهێنەر و سەرمایەداران تاكو دەرفەتی كار و وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان بقۆزنەوە. ئەوان دەتوانن لێرەوە، لە هەرێمی كوردستانەوە بەرەو ناوچەكانی دیكەی عێراقیش هەنگاو بنێن و سنووری وەبەرهێنانیان فراوانتر بكەن.

هەر لەبارەی عێراقەوە، لە كاتێكدا بەرەو جەژنی نەورۆز دەچین و بە هەزاران خوشك و برای عێراقیمان لە شار و ناوچەكانی دیكەی عێراقەوه، هەروەها لە سنوورەكانی وڵاتانی دراوسێوە‌ بۆ سەیران و گەشتوگوزار ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، داوا لە دەزگا ئەمنییەكان و لە هەموو دەزگا پەیوەندارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم كە بەردەوام ئەوپەڕی هاوكاری نیشان بدەن. لە دەروازە و فڕۆكەخانەكان بە زەردەخەیەكی جوان و بە ڕوویەكی گەش و مامەڵەیەكی كوردستانییانەی نەرم و خۆش، بەگەرمی بەخێرهاتن و پێشوازی لە میوانانی ئازیزی كوردستان بكەن.

كولتووری پێكەوەژیان و لێبوردەیی و ئاشتەواییی گەلی كوردستان، دەبێ بە هەموو كار و مامەڵەكانی كارمەندان و ئەفسەران و كاربەڕێكەرانی ڕێگە و دەروازە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكانەوە دیار بێت. ئەوەی دێتە كوردستان دەبێ هەست بكات بە ئارامی لە وڵات و لە ماڵی خۆیەتی. خوشكێك، برایەكی ئازیز لە هەر ناوچە و شارێكی دیكەی عێراقەوە بێتە هەرێمی كوردستان، دەبێ هەست بكات كە ڕێزلێگیراوە و هاتنی بۆ كوردستان مایەی خۆشحاڵی یە.

وەك دەزگا پەیوەندارەكانی حكوومەت پێشبینییان كردووە و پلانیان بۆ داناوە، ڕاستە قەرەباڵخی دروست دەبێت و لایەنە ئەمنییەكانیش بۆ سەلامەتیی هەمووان ئەركی خۆیان جێبەجێ دەكەن، بەڵام هەتا بكرێت دەبێ هاوكاری و ئاسانكاریی زیاتر پێشكەش بە میوانانی كوردستان بكەن. هەروەها داواش لە سەیرانی و هاووڵاتیانی خۆشەویست دەكەم لە كاتی گەشت و سەیرانەكانیاندا، ژینگەی كوردستان بپارێزن.

لە كۆتاییدا، دووبارە بەخێرهاتنی هەمووتان دەكەم، دەستخۆشی لە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان و "میدل ئیست تۆریزم ئێكسپۆ" دەكەم بۆ كردنەوەی ئەم پێشانگەیە. هیوادارم دەرگایەكی دیكەی وەبەرهێنان لە بواری گەشتیاریدا لە هەرێمی كوردستان بكاتەوە و زۆر گرێبەست و ڕێككەوتنی كار و وەبەرهێنانی تێدا ئیمزا بكرێت. پێم وایە گرنگە ئەم پێشانگەیە ببێتە نەریت و پێشەنگەیەكی ساڵانە و بەردەوام بێت.

هیوای سەركەوتن و ڕۆژێكی خۆشتان بۆ دەخوازم
سوپاستان دەكەم.

بەپەلە