کەنەکە: برینی عەفرین تەنها بە ڕزگاکردنی ساڕێژ دەکرێت

کوردستان

17/03/2019‌ 405 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

 کۆنگرەی نەتەوەیی کورد ڕایدەگەێنیت "عەفرین ئێستا بریندارە، ئەو برینە برینی هەموو کوردستانیانە، ساڕێژکردنیشی تەنیا بە ڕزگارکردنی دەبێت".

سبەینێ دوشەممە ١٨ی ئازاری ٢٠١٩ ساڵێک تێپەڕ دەبێت بەسەر هێرشی سەر شاری عەفرین-دا تێدەپەڕێت، کە دەوڵەتی تورک و چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە لە ئاسمان و زەوییەوە هێرشی شارەکەیان کردوو چەندین کۆمەڵکوژییان پێکهێنا، بەم بۆنەیەوە ئەمڕۆ کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.


لەڕگەیەندراوەکەدا هاتووە: دەوڵەتی تورکیا بە هەموو هێزی ئاسمانی و وشکایی خۆیەوەو بە هاوکاری چەتەکان، لە ٢٠-١-٢٠١٨دا هێرشی کردە سەر هەرێمی عەفرین، لە هێرشەدا نەک تەنیا هێزە بەرگریکارەکان بەڵکو تەواوی خەڵک و سرووشتی عەفرینیشی  کردە ئامانجی ئەو هێرشە دڕندانەیە، لەبەرامبەردا هێزەکان یەپەگە و یەپەژە بە قارەمانی و فیداکارییەکی زۆرە بەرخۆدانیان کرد. بەڵام لە نێوان هەردوو هێزەکەدا هاوسەنگییەک نەبوو. چ لە رووی ژمارەو چ لە بارەی تەکنۆلۆجیای شەڕەوە، مرۆڤ ناتوانێ بەراوردی هێزی یەپەگە یەپەژە لەگەڵ سوپای تورکیادا بەراورد بکات، لەگەڵ ئەو بارودۆخەشدا ٥٨ ڕۆژ بەرخۆدانێکی بێوێنە بەرامبەر سوپای تورکیا کرا، لە ئەنجامدا عەفرین داگیر کرا.


کەنەکە بە گرنگەوە باسی لە چالاکییەکانی پشتیوانی عەفرین کردووە و ڕاشیگەیاندووە:بەڵام بەداخەوە هەندێک هێزی کوردی هەرچەند کەمیش بوون، بێهەڵوێست و تەماشاوانی بەرخۆدانی کوردستانیان و داگیرکاریی دەولەتی تورکیا بوون لە عەفرین، تەنانەت هەندێک کەس و گرووپی بچووکی کوردیش هاوکاری تورکیا بوون، لەگەڵ ئەو دەوڵەتە لە کۆبوونەوەدا بوون و لە شاری عەنتاب ئەنجومەنێکی ساختەیان درووست کردبوو، ئەیانویست ڕەوایەتی بەو داگیرکارییەی تورکیا بدەن، دواجار تورکیا ئەو گرووپ و لایەنانەشی پشتگوێ خست و درێژەی بە بەرنامەی خۆی بۆ پاکتاوکردنی کوردان لە عەفرین دا، لە بەرخۆدانی عەفریندا کێ چی کرد و چی نەکرد، گەلی کوردستان ئەو راستییە ئەبینن و ئەزانن.


هەر لەو پەیامەدا هاتووە: ئەوا ساڵێک بەسەر داگیرکردنی عەفریندا تێپەڕ ئەبێت، هەروەک چۆن دەوڵەتی تورکیا و چەتە هاوکارەکانی لەشەڕدا هەموو بەها و پێوانە مرۆڤایەتی و یاساییەکانیان ژێر پێ خست، بەهەمان شێوەش دوای داگیرکردنی عەفرین ئەو کارە زیاتر درێژەی هەبوو و هەیە، هەرێمی عەفرین بە تەواوی تاڵان کرا، دانیشتوانەکەی ئاوارە بوون و خەڵکی هاوردەیان هێنایە شوێنان، دیمۆگرافیای عەفرینینان گۆڕی، کۆمسیاری مافی مرۆڤ لە نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەو راستیانەیان لە راپۆرتەکانیاندا سەلماندووە، ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە دەوڵەتی تورکیا و چەتە هاوکارەکانی لە عەفریندا " تاوانی شەڕ و تاوانی دژە مرۆڤایەتییان کرددووە"، تا ئێستاش ئەو ڕەفتارانە هەر بەردەوامن.


کەنەکە ئاماژەی بەوەکردووە، کە لە بەرخۆدانی عەفریندا هەزاران کچ و کوڕی کوردی هەموو بەشەکانی کوردستان و دۆستانی کورد، هەزاران کەسی سڤیل گیانیان لەدەستدا و هەزارانیش بریندار بوون، "لە کەسێتی ئەو شەهیدانەدا هەموو شەهیدانی ئازادی بەڕێزو شکۆوە بەبیر دێنینەوە".


کەنەکە پشتیوانی خۆی بە هێزەکانی ڕزگاری عەفرین دوپاتکردووەتەوە کە لە ئێستادا چالاکییەکانیان دژی دەوڵەتی تورک و چەتەکان لە عرفرین درێژە پێدەدەن، ڕاشیگەیاندووە "عەفرین کوردستانە و ئێستا بریندارە، ئەو برینە برینی هەموو کوردستانیانە، ساڕێژکردنیشی تەنیا بە ڕزگارکردنی دەبێت، ئەوەش ئەرکێکی هەرە گرنگی نەتەوەییمانە".


لە کۆتایی پەیامەکەدا کەنەکە بانگەوازی دەکات و دەڵێت "جارێکیتر داوا لە گەلی کوردستان و هەموو هێز و ڕێکخراوەکان دەکەین، لە ساڵڕۆژی داگیرکردنی عەفریندا بەیەک دەنگ خاوەندارێتی لە عەفرین بکەن و داگیرکردنی ریسواو شەرمەزار بکەن، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو هێزو ڕێکخراوە هاوشێوەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین، کە هەڵوێستیان لەبەرامبەر داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیادا هەبێت و پشتگیریی تێکۆشانی ڕەوای گەلی کوردستان بکەن".
هـ ـ ب

بەپەلە