شارپرێس:
بەگوێرەی "روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ" لەو كاتەی شەڕی سوریا لە ساڵی ٢٠١١ وە هەڵگیرساوە تا ئێستا زیاتر لە ٣٧٠ هەزار كەس كوژراون، لەوەش ١١٢ هەزاریان خەڵكی مەدەنی بوون .
هەر بەگوێرەی روانگەی سوری لەو ژمارە خەڵكەی لەناو شەڕەكانی سوریا بوونەتە قوربانی ٢١ هەزاریان منداڵ و ١٣ هەزاریان ژن بوون.
دوا ئاماری روانگەكە بۆ ژمارەی قوربانیانی شەڕی سوریا لەمانگی ئەیلوولی رابردوو بووە، كە ئەوكات ٣٦٠ هەزار كەس كوژرا بوون .
سەبارەت بە ژمارەی كوژراوە نامەدەنییەكان ، روانگەی سوری رایگەیاندووە ١٢٥ هەزار كەس لە سوپای سوریا و چەكدارەكانی سەر بە حكومەتی سوریا لە رەگەزی عێراقی و سوریی و دەرەوەی سوری كوژراون ، كە نیوەی ئەوانە سەربازی سوریی بوون ، هەروەك ١٦٧٧ چەكداری سەر بە حزبوڵڵای لوبنانیش كوژراون.
لەبەرانبەردا بەلایەنی كەمەوە ٦٧ هەزار كەس لەچەكدارانی گرووپە نەیارەكانی سوریا و گرووپە ئیسلامییەكان و هێزەكانی سوریای دیموكرات كوژراون ، لەچەكدارانی داعش و بەرەی نووسرە ٦٦ هەزار كەس كوژراون .
روانگەی سوری هەروەها رایگەیاندووە، ئەو ژمارەیە تەنیا ئەوانەن، كە توانراوە تۆمار بكرێن و زانراون ، بەڵام ئەو كەسانە ناگرێتەوە لە گرتووخانەكانی رژێمی سوریا لەژێر ئەشكەنجەدا گیانیان لەدەستداوە ، یان لەلایەن گرووپە جۆربەجۆرەكانی سوریاوە شوێنبزر كراون و رفێنراون.
جگە لەزیانە گیانییەكان ، شەڕو ململانیكانی ناو سوریا بۆتە هۆی ئەوەی زەرەر و زیانێكی زۆر بە ژێرخانی ئابووری ئەو وڵاتە بكەوێت ، كە بەپێی مەزەندەی نەتەوە یەكگرتوەكان ئەو زەرەر و زیانەی بە ٤٠٠ ملیار دۆلار خەمڵاندووە ، هەروەك بۆتە هۆی ئاواورە و لانەواز بوونی نیوەی دانیشتووانی سوریا بۆ ناوەوە و دەرەوەی سوریا .
وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی