شارپرێس:
هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانە، گروپێک لە کۆڵبەرانیان
دایە بەر دەستیێژی گولـلە، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا دوو کۆڵبەر بریندار بوون.
قوربانیدانی کۆڵبەران لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات – باشور و باکوری
کوردستان بەردەوامە، لەو چوارچێوەیەدا شەوی ڕابردوو دوو کۆڵبەر برینداربوون و سیانی
دیکەش بێسەروشوێنن.
بەپێی هەواڵێکی کۆڵبەرنیوز، "شەوی ڕابردوو لەسەر سنوورە دەستکردەکانی نێوان
ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان، لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانە-ی سەربە پارێزگای سنە،
هێزە ئەمنییەکانی ئێران گروپێک لە کۆڵبەرانیان داوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە، لە ئەنجامدا
دوو کۆڵبەر بریندار بوون و دواتر گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە".
لەلایەکی دیکەشەوە هەر شەوی ڕابردوو گرووپێکی ١٠ کەسی لە کۆڵبەران لەناو
بەفری کوێستانەکانی تەتە لە سنوورەکانی مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گیریان
خواردبوو، بە هەوڵدانی خەڵک ٧ کەسیان ڕزگار کراون، بەڵام چارەنووسی سێ کەسی دیکەیان
دیار نییە.