ترەمپ کۆتاییهێنان بە بەشداریکردنی ئەمریکا لە جەنگی یەمەنی ڤیتۆ کرد

جیهان

17/04/2019‌ 1073 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
کۆشکی سپی ئەمریکا ڕایگەیاند،  ترەمپ پڕۆژەیاسای کۆنگرێسی وڵاتەکەی بۆ کۆتایهێنان بە بەشداریکدنی وڵاتەکەی لە جەنگی هاوپەیمانی سعودیە لەوڵاتی یەمەندا ڤیتۆ کردووە.

ڕۆژنامەی قودس عەرەبی رایگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک ئەمریکا لە وتەیەکیدا لەبارەی ئەم بڕیاری ڤیتۆکردنەی رایگەیاندووە، "ئەم پڕۆژە یاسایە هەوڵدانێکی ناپێویست و مەترسیدار بۆ لاوازکردنی بژاردە یاسایەکانی سەرۆکەو ئەم هەنگاوەش گیانی هەزاران هاوڵاتی ئەمریکی و سەربازانی ئازای وڵاتەکە لەئێستاو داهاتووشدا دەخاتە مەترسییەوە".

لەوبارەشەوە ئەنوەر قەرەقووش، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئیمارات پاش بڕیاری ڤیتۆکەی ترەمپ ڕایگەیاند، کە ئەم پشتیوانییەی ترەمپ لە هاوپەیمانی ناتۆی عەرەبی بەسەرۆکایەتی سعودیا، هەنگاوێکی ئەرێنی و ستراتیژییە.

ئەمەش لەکاتێکدایە لەمانکی مارسی ڕابردوودا ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا ئەم پڕۆژەیاسایەی پەسەندکرد و ئەنجومەنی نوێنەرانیش ڕەشنووسی ئەم پڕۆژە یاسایەی لەمانگی ئەڤڕێڵدا پەسەند کرد. 

ئەمە یەکەمجارە دوو ئەنجومەنەکەی کۆنگرێسی ئەمریکا ڕەشنووسی یاسای پەیوەست بە بژاردەکانی جەنگەوە پەسەند دەکەن. کە بەپێی ئەم یاسایە بژاردەکانی سەرۆکی وڵاتی لەبارەی ناردنی هێز بۆ ئۆپەڕاسیۆنە سەربازییەکان سنووردار دەکرد.

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی دیموکراتخوازەکانە، بە 247 دەنگ لەبەرانبەر 175 دەنگ ئەم پڕۆژەیاسایەی پەسەند کرد، لەکاتێکدا ئەنجومەنی پیران کە زۆرینەی کۆماریخوازەکانە بە 54 دەنگ لەبەرانبەر 46 دەنگ ئەم پڕۆژەیاسایەی پەسەندکرد، بەڵام هیچ کام لەم دوو ئەنجومەنە ناتوانن بەردەم بڕیاری ڤێتۆی ترەمپ بگرن، مەگەر ئاوا کە دوو لەسەر‌ سێی ئەندامانی هەرووو ئەنجومەنەکە دەنگ بە پڕۆژەیاساکە بدەن، ئنجا مافی ڤیتۆی سەرۆک نامێنێت.

لایەنگرانی پڕۆژەیاساکە دەڵێن، نابێت دۆخی یەمەن ئاوا بەردەوام بێت و کوشتوکوشتارەکان لەوێدا بەردەوام بێت، داوا دەکەن ئەمریکا چیدی واز لەم جەنگە لەم وڵاتە بێنێت، چونکە پێویستە کۆنگرێس لە ئاوا هەلومەرجێکدا بڕیار بدات. 

جەنگی چوارساڵەی وڵاتی یەمەن، تائێستا دەیان هەزار کوژراوی لێکەوتووەتەوە، کەبەپێی هەندێک ئامار، بەشێکی زۆری قوربانییەکانی ئەم جەنگە  هاوڵاتیانی مەدەنی بوون.

وەرگێڕانی: یاسین نادر

بەپەلە