دەزگای خێرخوازی بارزانی کارە خێرخوازییەکانی لە شنگال رادەگرێت

کوردستان

30/04/2019‌ 1014 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگه‌یاند، چیتر ناكرێت و ناتوانن به‌رده‌وام بن له‌ پێشكه‌شكردنی هاوكاری بۆ خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ری شنگال، چونكه‌ "ره‌فتاری په‌كه‌كه‌ له‌ شنگال بارگاویه‌ له‌ توندوتیژی و دژی خه‌ڵكی سڤیلی ده‌ڤه‌ری شنگال و رێكخراوه‌ خێرخوازی و مرۆییه‌ ناوخۆی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان".

دەزگای خێرخوازیی بارزانی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "له‌ رۆژی یه‌كه‌می داگیركردنی شنگال له‌ لایه‌ن تیرۆریستانی داعشه‌وه‌، ئێمه‌ وه‌كو ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌ و ئۆتۆمبێله‌وه‌ هاوكاری مرۆییمان گه‌یاندوه‌ته‌ خه‌ڵكی سه‌ربه‌رزی شنگال و ته‌نها ده‌زگایش بووین كه‌ خه‌ڵكی سڤیلی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌مان به‌ ته‌نها جێنه‌هێشتووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ پێداویستییه‌كانی وه‌كو ئاو، كاره‌با، قوتابخانه‌، بنكه‌ی ته‌ندروستی و جلوبەرگ و خۆراک سه‌رپه‌نایان بۆ دابین بكه‌ین. ئۆفیسێكمان له‌سه‌ر چیای شنگال كردۆته‌وه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، "له‌ كاتی ئه‌نجامدانی ئه‌م ئه‌ركه‌ مرۆییه‌دا، چه‌ندین جار له‌ لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه‌ رێگری له‌ تیمه‌كانمان كراوه‌ و په‌لاماری ئۆفیسی ده‌زگا دراوه‌ كه‌ له‌سه‌ر چیای شنگاله‌، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌رده‌وامبین له‌ خزمه‌تكردن به‌ خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ری شنگال بێده‌نگیمان به‌رانبه‌ر چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ هه‌ڵبژاردووه‌ و رۆژ به‌ رۆژ زیاتر هاوكاریمان پێشكه‌شی خه‌ڵكی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ كردووه‌ و له‌ كۆنفرانسه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا ده‌نگی شنگال و شنگالییه‌كانمان گه‌یاندووه‌ته‌ رێكخراوه‌ مرۆییه‌ جیهانییه‌كان".


دەقی راگەیەندراوی دەزگای خێرخوازیی بارزانی

له‌ رۆژی یه‌كه‌می داگیركردنی شنگال له‌ لایه‌ن تیرۆریستانی داعشه‌وه‌، ئێمه‌ وه‌كو ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌ و ئۆتۆمبێله‌وه‌ هاوكاری مرۆییمان گه‌یاندۆته‌ خه‌ڵكی سه‌ربه‌رزی شنگال و ته‌نها ده‌زگایش بووین كه‌ خه‌ڵكی سڤیلی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌مان به‌ ته‌نها جێنه‌هێشتووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ پێداویستییه‌كانی وه‌كو ئاو، كاره‌با، قوتابخانه‌، بنكه‌ی ته‌ندروستی و جلوبەرگ و خۆراک سه‌رپه‌نایان بۆ دابین بكه‌ین. ئۆفیسێكمان له‌سه‌ر چیای شنگال كردۆته‌وه‌.

له‌ كاتی ئه‌نجامدانی ئه‌م ئه‌ركه‌ مرۆییه‌دا، چه‌ندین جار له‌ لایه‌ن چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌وه‌ رێگری له‌ تیمه‌كانمان كراوه‌ و په‌لاماری ئۆفیسی ده‌زگا دراوه‌ كه‌ له‌سه‌ر چیای شنگاله‌، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌رده‌وامبین له‌ خزمه‌تكردن به‌ خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ری شنگال بێده‌نگیمان به‌رانبه‌ر چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ هه‌ڵبژاردووه‌ و رۆژ به‌ رۆژ زیاتر هاوكاریمان پێشكه‌شی خه‌ڵكی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ كردووه‌ و له‌ كۆنفرانسه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا ده‌نگی شنگال و شنگالییه‌كانمان گه‌یاندووه‌ته‌ رێكخراوه‌ مرۆییه‌ جیهانییه‌كان. به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ دیاره‌ چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵویستی نامرۆڤانه‌ی خۆیان به‌رده‌وامن و رۆژی (28\4\2019) له‌ كاتی پێشكه‌شكردنی هاوكاری بۆ خه‌ڵكی شنگال له‌‌ لایه‌ن ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و رێكخراوی كه‌نیسه‌ی لێبراسكای ئه‌مریكی هه‌ڵده‌كوتنه‌سه‌ر كارمه‌ندانمان و به‌رپرسی ئۆفیسی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌ شنگال ده‌گرن و زیندانی ده‌كه‌ن.

له‌ كاتێكدا به‌ توندی ئیدانه‌ی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌ین، هاوكات بۆ رای گشتی رایده‌گه‌یه‌نین كه‌ چیتر ناكرێت و ناتوانین به‌رده‌وام بین له‌ پێشكه‌شكردنی هاوكاری بۆ خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ری شنگال، چونكه‌ ره‌فتاری چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ له‌ شنگال بارگاویه‌ له‌ توندوتیژی و دژی خه‌ڵكی سڤیلی ده‌ڤه‌ری شنگال و رێكخراوه‌ خێرخوازی و مرۆییه‌ ناوخۆی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان. ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ژیانی خۆبه‌خش و كارمه‌ندانی ده‌زگاكه‌مان له‌ مه‌ترسیدابێت.

داوا له‌ حكوومه‌تی عێراق و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و هێزی هاوپه‌یمانان و رێكخراوه‌ مرۆییه‌كان له‌ جیهاندا ده‌كه‌ین رێگه‌ نه‌ده‌ن‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كانی ده‌ڤه‌ری شنگال ئه‌و ناوچه‌یه‌ بكه‌نه‌ گۆڕه‌پانی ململانێی خۆیان، چونكه‌ خه‌ڵكی سڤیلی شنگال پێویستیان به‌ زیاتر به‌ هاناوه‌ چوون و باشتركردنی ره‌وشی ژیان و بونیاتنانی ژێرخانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ هه‌یه‌‌.

ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی

30\4\2019