ئاماژەكانی پشت دەركەوتنەوەی بەغدادی

بیروڕا

01/05/2019‌ 678 جار خوێندراوه‌ته‌وه

"خواوەند جیهادی لەسەر فەرز كردووین، بەڵام سەركەوتنە نە" بەم ڕستەیە ئەبو بەكری بەغدادی دەیەوێت پاساو بۆ شكستی ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی بهێنێتەوە و جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە كەبۆ بەردەوامی دان بە جیهاد بوونی دەوڵەتی خەلافە پاساو نییە و لە نەمانیشیدا پێویستە جیهاد بەردەوام بێت. بەدەركەوتنەوەی بەغدادی لەم تۆمارە ڤیدیۆییەدا (ئەگەر جێگەی باوەڕ بێت) دەتوانێت وورەیەكی زۆر بداتەوە بەلایەنگرانی و ئەو گومانە بەڕەوێنێتەوە كە لەسەر كوژرانی هەبوو، بە ناو هێنانی سەركردە كوژراوەكانیشی ئەو رێكخراوەش دەیەوێت پێزانینی خۆی نمایش بكات بەو كارانەی كە ئەو سەركردانە ئەنجامیان داوە.


بەغدادی لە دوای پێنج ساڵ لە ڕاگەیاندنی خەلافەتەكەی، بەم تۆمارە دەست پێ كردنی قۆناغێكی نوێی ڕێكخراوەكەی ڕاگەیاند و بە شێوەیەك لە شێوەكانیش شەڕی سەرەكی ئەو رێكخراوەی لە سوریا و عێراقەوە گواستەوە بۆ دەرەوەی سنووری ئەو دوو وڵاتە هەروەك ئەوەی ئەركی ئەو ڕێكخراوە لە ئێستادا لەو دوو وڵاتە كۆتایی پێ هاتبێت.
دەركەوتنی بەغدادی لەم كاتەدا زیاتر پەیوەندی هەبوو بەڕەواندنەوەی ئەگەری كوژرانی و گێڕانەوەی ئومێد و خۆ ئامادە كردنەوە بۆ شێوزاێكی نوێی جیهادكردن و ئاماژەیەكی ڕوونیش بوو بۆ  ئەوەی كە ئەم رێكخراوە بەرەو كاری ژێر زەمینی ئەڕوات و برەو ئەدات بە كارو چالاكی ئەوەی ناوزەند دەكرێت بە (گورگە تەنهاكان). 


ئەگەر چی كاتی تۆمار كرنی ئەم تۆمارە ڕوون نییە بەڵام بە ئاماژە دانی بە دوو ڕووداو یەكیان كەوتنی باغوز و ئەوی تریان هێرشەكەی ئەم دواییەی سریلانكا، دەردەكەوێت كە ئەم تۆمارە نوێ یە و لەم كاتەشدا كە تا دێت گوشارەكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران توندتر دەبێتەوە، ئەكرێت وا لێبدرێتەوە كە زیاتر لە بەرژەوەندی ئێرانە بەو پێ یەی كە بەغدادی ئەگەر بە كرداریش نەبێت ، تەنها بە هەڕەشە دەتوانێت ئەمەریكا بەخۆیەوە سەرقاڵ بكات. 


بەر لە دەركەوتنی بەغدادی، دوا زانیاری لەسەری ئاماژەی بەوە دەدا كە لە سوریایە و چەند پاسەوانێكی كەمی لەگەڵ دایە و لەهەوڵ دایە لە سنوری پارێزگای ئەنبارەوە بێتەوە ناو خاكی عێراق بەڵام بە هۆی ئەو ڕێوشوێنە توندوتۆڵەی كەلە سەر سنورەكان گیراوەتە بەر ناتوانێت بێتە ناو خاكی عێراقەوە، بەڵام لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا دەردەكەوێت كە تەندروستییەكی باشی هەیە و كەمێك كێشیشی زیادی كردووە كە ئاماژەن بۆ ئەوەی كە لە هەلو مەرجێكی باشدا گوزەرانی كردووە. خودی دەركەوتنەوەش بەو سیمایەی كە پێشتر پێی ناسراوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە ئەو لە مەترسی گرتنی دوور كەوتۆتەوە و بە ئەگەری زۆریش لە شوێنێكی ئاسایشدا. 


بە پێی لێدوانەكانی بەغدادی بێت، ئەم ڕێكخراوە هەوڵ دەدات بە پلەی یەكەم وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە بكاتە ئامانج و پێدائەگرێت لەسەر ئەوەی كە چلاكییەكانی داعش لە دژی ڕۆژئاوا بەشێك ئەبێت لە "شەڕێكی درێژ خایەن" و داعش تۆڵەی خوێنی سەربازەكانی خۆی دەكاتەوە و زیاتر باس لە دوو جەمسەری ئیسلام و خاچ پەرستەكان دەكات و باس لە پێویستی جیهاد ئەكات دژ بەخاچ پەرستەكان و پارێزەرەكانی بە تایبەت هەندێك لە وڵاتە عەرەبییەكان ئەمەش بۆی هەیە ببێتە هۆی چالاك كردنەوەی ئەندام و لایەنگرانی داعش لە ڕۆژئاواو و ڕۆژهەڵاتدا. بە پیرۆزبایی كردنیشی لەوانەی كەبەم تازەییە بەیعەتیان بە ڕێكخراوەكەی داوە ئەیەوێت بڵێت كە ڕێكخراوەكەی لە دووبارە هەستانەوە و بەهێز بووندایە.