پێنج ملیۆن دۆلاری بۆ ته‌رخانده‌كات
ئەمریکا پڕۆژەی ئاسایشی فڕۆکەخانەکانی عێراق رادەگەیەنێت

کوردستان

02/05/2019‌ 964 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسەکانی باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەغداد و دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عێراقی پڕۆژەی ئاسایشی فڕۆکەخانەکانی عێراق بە گوژمەی پێنچ ملیۆن دۆلار راگه‌یاند. 

كونسوڵخانه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "بەرپرسەکانی باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە بەغداد و دەسەڵاتی فرۆکەوانی شارستانی عێراقی خۆشحاڵن بە راگەیاندنی پرۆژەی ئاسایشی فرۆکەخانەکانی عێراق بە گوژمەی پێنچ ملیۆن دۆلار".

راشیگه‌یاندووه‌، "ئەم دەستپێشخەریە داراییەی حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا راھێنان و کەرستە دابین دەکات بە ھەماھەنگی نزیک و ھاوبەش لەگەڵ شارەزایانی دەسەڵاتی فرۆکەوانی شارستانی عێراقی".

جۆی ھود، کاربەرێکەری باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایگه‌یاند، "فڕۆکەخانەکان دەرگاکانی جیھانن، ئەم پرۆگرامە ھاریکاریە تەنھا سەلامەتی سەرنشینەکان بۆ خەڵکی عێراق بەھێز ناکات، بەڵکو پاڵپشتی تواناکانی عێراقیش دەکات بۆ راکێشانی وەبەرھێنەرە بیانیەکان و فراوانکردنی پەیوەندیە بازرگانیە جیھانیەکان و ھەروەھا ھانی گەشەپێدانی ئابووری دەدات".

رونیشیكرده‌وه‌، "بەرپرسەکانی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عێراقی و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەسرا و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر کۆبونەتەوە بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی چۆنیەتی جێ بەجێکردنی پرۆگرامەکە، بەردەوام بوون لەسەر بەھێزکردنی ئاسایش لە فرۆکەخانەکانی عێراق بۆ گەیشتن بە ستانداردە نێودەوڵەتیەکان".

کاربەرێکەری باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ده‌شڵێت، "راگەیاندنی پرۆگرامەکە ئاماژەیەکە بۆ فراوانبونی رۆڵی عێراق لە کۆمەڵگەی فڕۆکەوانی جیھانی و جەخت لە پابەندبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکاتەوە بۆ ھاوکاریکردنی بنیاتنانی ئابووریەکی گەشەسەندووی فرە چەشن ھەروەکو ئاماژەی پێدراوە لە رێکەوتنامەی چوارچێوەی ستراتیجی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و عێراق".

ه.م