شارپرێس: قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان و لیژنهی جێبەجێکردنی پرۆژهی شەقامی 100 مەتری سلێمانی كۆبونهوه، تیایدا تاوتوێی چۆنێتی دەستپێکردنی پڕۆژەکە کرا و وادەی 10 رۆژ بۆ پێشكەشكردنی راپۆرت و پێشنیارەكان دیاریكرا. بهپێی راگهیهندراوی ئهنجومهنی وهزیرانی ههرێمی كوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ سێشهممه لە سلێمانی بەڕێوەچوو، ههریهكه له وەزیرانی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، شارەوانی و گەشتوگوزار، لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و بریکاری وەزیری شارەوانی وسەرۆکی شارەوانی سلێمانی و ئەندامانی لیژنەی سەرپەرشتیاری جێبەجێکردنی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی ئامادەیبوون. ئاماژه بهوهشكراوه، له كۆبونهوهكهدا بڕیاردرا لیژنەی سەرپەرشتیاری جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لە ماوەی 10 رۆژی کاریدا لە راپۆرتێکدا پێشنیار و راسپاردەکانی خۆی سەبارەت بە چۆنیەتیی دەستپێکردنی پڕۆژەکە پێشکەشی وەزارەتی شارەوانی و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بکات، بۆ ئەوەی بە زووترین کات بڕیار لە چۆنیەتی دەستپێکردنی بدرێت. ئەم کۆبوونەوەیە دوای ئەو هات کە لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیرە پەیوەندیدارەکان و پارێزگارەکانی هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم سەبارەت بە چاککردنەوەی ڕێگاوبانەکان، بڕیار درا کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە. ه.م