شارپرێس:
هاوشێوه‌ی زۆرێك له‌ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بنكه‌ی سه‌ربازیی خۆی له‌هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، ئه‌وه‌ش به‌ڕای چاودێران له‌حاڵه‌تی پێكدادانی ئه‌مریكا و ئێران، پریشكی ئه‌و شه‌ڕه ده‌گاته بنكه سه‌ربازییه‌كانی واشنتۆن له‌هه‌رێم.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هیچ ئاماژه‌یه‌كی ورد نییه بۆئه‌وه‌ی ئه‌مریكا پلانی شه‌ڕكردنی له‌دژی ئێران هه‌بێت، به‌ڵام له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه ئاماده‌كاریی ته‌واوی كردووه‌و كه‌شتیگه‌لی جه‌نگی‌و فڕۆكه‌ی پێشكه‌وتووی ناردووه‌ته ناوچه‌كه، ڕه‌نگه بۆ هاووڵاتیانی هه‌رێم جێگه‌ی پرسیار بێت كه ئاخۆ له‌حاڵه‌تی پێكدادانی ئه‌و دوو وڵاته‌دا، پریشكی شه‌ڕه‌كه ده‌گاته هه‌رێمی كوردستان؟
بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا له‌هه‌رێمی كوردستان
ساڵانێكی زۆره ئه‌مریكا چه‌ندین بنكه‌ی سه‌ربازیی له‌هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، به‌تایبه‌ت له‌شه‌ڕی دژ به داعش بنكه سه‌ربازییه‌كان جموجوڵی گه‌وره‌یان به‌خۆیانه‌وه بینیوه، به‌شێوه‌یه‌ك كه بنكه سه‌ربازییه‌كانی واشنتۆن ده‌كه‌ونه ناوچه‌كانی شه‌نگال، هه‌ریر و ئه‌تروش.
به‌ده‌ر له‌و دوو ناوچه‌یه، ئه‌مریكا له ده‌وروبه‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر بنكه‌ی سه‌ربازیی هه‌یه.
بنكه‌ی سه‌ربازیی هه‌ریر
یه‌كێكه له‌بنكه سه‌ربازییه گه‌وره‌كانی ئه‌مریكا له‌هه‌رێمی كوردستان 75 كیلۆمه‌تر له رۆژهه‌ڵاتی هه‌ولێره‌و ته‌نیا 115 كیلۆمه‌تریش له‌ئێرانه‌وه دووره.
له‌بنكه‌ی سه‌ربازیی هه‌ریر چه‌ندین چه‌كی پێشكه‌وتو و موشه‌كی به‌رگریی‌و فڕۆكه‌ی جه‌نگی هه‌یه، هاوكات خاوه‌نی ڕادارێكی پێشكه‌وتووه، گرنگی ئه‌م بنكه سه‌ربازییه له‌وه‌دایه، ده‌كرێت وه‌ك فڕۆكه‌خانه‌یه‌ك بۆ فڕۆكه‌ی جه‌نگی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت.
ساڵی 2014 واشنتۆن‌و هه‌ولێر ڕێككه‌وتنێكیان واژۆكرد بۆ بنیاتنانی 5 بنكه‌ی سه‌ربازیی ئه‌مریكا له هه‌رێمی كوردستان، كه دیارترین بنكه‌ی سه‌ربازیی ده‌كه‌وته پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌و نزیك له‌سنوری ئێران.
پێشتر سه‌رچاوه‌یه‌ك له حكومه‌تی عێراق ڕایگه‌یاندبوو، ئێران به‌فه‌رمی نیگه‌رانی خۆی له‌باره‌ی بنكه‌ی سه‌ربازیی هه‌ریر داوه‌ته حكومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیران.
بنكه‌ی سه‌ربازیی هه‌ریر پێشتر له‌شه‌ڕی عێراق-ئێران له‌لایه‌ن ڕژێمه‌كه‌ی سه‌دام حسێنه‌وه دروستكرا، به‌نزیكترین خاڵ داده‌نرێت له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه له كۆماری ئیسلامی ئێران.
ئێستا ئه‌مریكا به‌ده‌ر له‌بنكه‌ی سه‌ربازیی هه‌ریر، هێزه‌كانی له‌چه‌ند شوێنێكی دیكه‌ی هه‌رێمیش بونیان هه‌یه وه‌ك فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر، بنكه‌یه‌كی سه‌ربازیی بچوك له عه‌ینكاوه، هه‌روه‌ها له‌نزیك شه‌نگال‌و له پارێزگای سلێمانیش بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی ئه‌مریكا هه‌یه.
ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌مریكا له‌و بنكه سه‌ربازییانه‌دا بوه‌ته كێشه، نه‌بوونی سیستمی به‌رگریی موشه‌كییه، بۆیه له‌حاڵه‌تی پێكدادانی ئه‌مریكا و ئێران، موشه‌كی ئێرانی ئاسان ده‌گاته بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا له‌هه‌رێم به‌تایبه‌ت بنكه‌ی سه‌ربازیی هه‌ریر كه ده‌گوترێت سه‌دان سه‌ربازیی ئه‌مریكا له‌و بنكه‌یه‌ن.
ڕ . ج