ناوچە دابراوەكان، یان ناوچە داڕماوەكان

قەڵەمی ڕۆژ

16/05/2019‌ 1410 جار خوێندراوه‌ته‌وه

گەورەترین گرفتی نێوان حیزبەكانی هەرێمی كوردستان بە تایبەت یەكێتی و پارتی كە هەتا ئێستە دەسەڵاتداری هەرێم بوون، تەنها ئەوە نی یە كە دوو جۆر حیزبن ، ئەوەیە كە تەنها لە خراپە دا هاوڕان دەنا لە هەر كردەیەكی سودبەخش بۆ مەسەلەی كورد بوون ،ئاسمان و رێسمانیان فەرقە ، هەر بۆیە هەمیشە ئەم دوو حیزبە ئیستەش كۆمەڵێ حیزبی تر كە لەمان ئاڵاون خراپە كۆیان دەكاتەوە ، هەر وەك دەڵێن مرۆڤ نازانێ كامیان لە كامیان باشترە وەلی دەزانی كامیان لە كامیان خراپترە .

سارتەر دەڵێ ( هەموو راستی گێرانەوەیەك بەشێكی درۆیە ، بە پێچەوانەوە هەموو درۆ گێرانەوەیەكیش بەشێكی راستە ) بە پێی ئەم وتەیەی ئەو زانا فكریە كە سارتەرە ، ئەتوانین بڵێێن چەمكی كوردایەتی لای ئەم حیزبانە تایبەت هەردو حیزبی دەسەڵات ، تەنها بازرگانیەكی بێ ئیتك و یاساو مۆراڵەو، بریتی یە لەو درۆیەی كە تەنها بەشێكی راستە ، ئەمەش بە ئەزمونی زیاتر لە چارەكە سەدەیەك حوكمی حیزبی كوردی لە هەرێمی باشوری كوردستان ،

هەر لە دوای یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ، سیستەمی ٥٠ بە ٥٠ بوو بەو عیلەتەی كە ئیدی زیاتر لە ٢٧ ساڵە جەستەی هەرێمی باشوری كوردستانی بە جۆرێك ژەهراوی كردوە ، رۆژ دوای رۆژ ساڵ دوای ساڵ هێزو هەرەكەت و تواناو هزری ئەو كورد بوون و كودایەتی یەی ئەوان خۆیانی پێوە با دەدەن ، هەڵدەورێ و بەرەو دارزانێكی ئەبەدی دەچێ ، 

زۆری نەبرد شەری ناوخۆ هەرچی خەونی میلەتی كورد هەبوو لە گۆڕ نا بە دوو كەرت كردنی ئەو بەشەی هەرێمی باشور كە لە ئەنجامی پشتێنەی سەوزی دژە فرین ،هاتبوە ئاراوە ، ئاخۆ ئەمان ئەم بەشە ئازادەی هەرێم بكەن بە دوو كەرتەوە دەبێ بەشە دابراوەكەی هەرێم چۆن دوو كەرت كرا بێ ،

نەهامەتی میلەتی كورد ئەوەیە كە لە كەماشەی دوو حیزب و دوو هێزدا دەهاردرێ كە لە لایەك پارتی وەك حیزبكی بنەماڵەی بارزانی لەسەر بنەمای ( بەشی خۆم بۆ خۆم و لەگەڵ تۆش دەخۆم ) هیچ كاتێ نەیتوانیوە لەگەڵ لایەنی بەرامبەردا بسازێ ، چونكە ئەو پێێ وایە دەبێ لایەنی بەرامبەر خۆی لەگەڵ ئەودا بگونجێنێت ، 

یەكێتی وەك حیزبێكی نیمچە بەرەیی جاران ئێستەش فرە باڵ و كوتلە ، لەسەر بنەمای ( نە شەری شەرەو نە ئاشتی ئاشتی یە ) هیچ كاتێ نەیتوانیوە برواو متمانەی لایەنی بەرامبەر بەدەست بهێنێت ،

هەر بۆیە دوای روخان و رمانی رژێمی بعسی صدام و لەبەر یەك هەڵوەشاندنی سوپای عێراق ، نەكراو نەتوانرا مێژویەكی نوێ بنوسنەوە و ئەو هەلە مێژویە بقۆزنەوە و هەم دیوی كوێستانی هەرێمی كوردستان یەك بخرێتەوە و هەم دیوی گەرمیانی دابراوی هەرێم بهێنرێتەوە سەر نەخشەی كوردستان ،

بە پێچەوانەوە ئەزمونی دوو بەرەكی و دوو ئیدارەیی و نیفاق و دوكەرت بوونیان بردە كەركوك و هەموو شارەكانی ناوچە دابراوەكان ، بۆ نمونە لە كەركوك بوونی دوو ئاسایش ، ئاسایشی پارتی و ئاسایشی یەكێتی ،لەگەڵ ئەوەی خەڵكی ئەو ناوچانە دەنگیان پێ دان و رێژەی كورد بەرز كرایەوە ، پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنی شاری كەركوك كورد بوون ، ئەمما مەخابن دوو ئیدارەیی و كەرت بوون هیچی باشی بۆ ئەو شارو ناوچانە بەجێ نەهیشت ، 

رێكەوتنی ستراتیجی بۆ دابەش كردنی نەوت ، بۆ دابەش كردنی پارە ، بۆ دابەش كردنی داهات ، بۆ دابەش كردنی پۆست و پلە ، بۆ دابەش كردنی خاكی كوردستان ، كە لەم هەموو خراپەكاری و دابەش كردنەدا زۆر هاوكارو تەبا بوون ، ئەمما بۆ چەسپاندنی مادەی ١٤٠ ، بۆ قەرەبو كردنەوەی ئاوارەكانی كورد لە ناوچە دابراوەكان و كەركوك ، بۆ رۆح بەبەردا كردنەوەی هۆشی كورد بوون لە كەركوك ،بۆ یەك هەڵوێستی گیانی كورد دژ بە داگیركەران ، ........ هتد ، وەك هەمیشە ناكۆك بوون نەك هەر سنوری دێگەڵەیان لانەبرد بەڵكو دێگەڵەیان بردە كەركویش ، 

یاری كردن بە مەسەلە نەتەوایەتیەكان و یاری كردن بە هەست و عاتیفەی كورد ، یەكێكی ترە لە خاسیەتەكانی ئەم دەسەڵاتەی باشور بە تایبەتی پارتی ،كە هەروەك چۆن گەورەترین حیزبە ، بێ گومان گەورەترین پشكیشی بەر دەكەوێ لە هەموو نشوستی و گەندەڵی و خراپەكاریەكیشدا ، پارتی هەر وەك چۆن دەستی گرتوە بەسەر سەر زەمین و ژێر زەمینی خاكی كوردستانداو بە ئارەزوی خێڵەكەی بنەماڵەی بارزانی سەرۆكاری دەكات ، ئاوا دەستیشی گرتوە بەسەر مافە نەتەوایەتیەكانداو بۆ نمونە بە خواستی خۆی و بۆ شاردنەوەی گەندەڵیە ئیداریەكانی مەلەفی ریفراندۆم و باسی جیابونەوەو سەربەخۆیی لە كاتی جیا جیادا دەجوڵێنێ ، 

هەر وەك چۆن بە بەرچاوی دنیاوە ریفراندۆمی كردوو گەورەترین شكستی دەرخوارردی میلەتی كورد دا ، بەڵام نە سەرۆكی هەرێمی ئەوكات و پارتی ئێستە خاوەنی وەعدو بەڵێنەكانی خۆی بوو نە پارتیش یەك زەڕە ئەزمونی لێ وەرگرت ، 

چونكە ئەوان بە هەردوو حیزبی یەكێتی و پارتی لە گەرمیان هزری كوردایەتی دەمرێنن ، لە كوێستان گیانی كوردایەتی دەپسێنن ، 

هەر بۆیە بارودۆخی دوای ریفراندۆم ، كۆمەڵێ دەرئەنجامی زۆر خراپی هەبوو، لە هەمووی خراپتر ، كوردانی ئەو ناوچانە كاتێ دەرواننە بارودۆخی نیو موچەیی بە سێ مانگ جارێك و دزی و تاڵانی مەسئولان و بێ دادی ،ئارەزو ناكەن لە عێراق داببرێن ، لە لایەك ئەوان موچەی تەواو لە كاتی خۆیدا دەدەن و لە لایەكی تر كەمیان بەدەست دوو هێزی ئاسایشی هەرێمەوە نەچەشتوە . كە ئەمەش خراپترین مێژوی خۆی تۆمار دەكات كوردایەتی و كورد بوون لە كەركوك و دەوروبەری . 

یەكەم ، لەدەست دانی یاخود لە گۆڕ نانی مادەی ١٤٠ ی دەستوری عێراق و لەدەست دانی ئەوەی پێێ دەوترێت ناوچە دابرێنراوەكان 

دوەم، لەدەست دانی پۆستی پارێزگارو سەرۆكی ئەنجومەنی كەركوك 

سێ یەم ، دەست پێ كردنەوەی سیاسەتی ( بە عەرەب كردن ) خراپتر لە جاران ، دوو بارە گێرانەوەی ئەو عەرەبە هاوردانەی سەردەمی بعس كە بە پارەو قەرەبوی مادەی ١٤٠ نێردرابوونەوە شوینە زای خۆیان ،

چوارەم ، قەدەغە كردنی هەموو ناسنامەو ئاڵاو شوناسێكی كوردو كوردانە 

پێنجەم ، تۆخ كردنەوەی مێژوی خیانەتی نیشتمانی تۆمارێكی تری نوێێ خیانەت 

شەشەم ، جارێكی تر ئاوارە كردن و دەربەدەر كردنی كوردانی ناوچە دابراوەكان 

حەوتەم ، هەڵكوتانە سەر گوندو شارۆجكە كوردیەكان لە لایەن خێڵە عەرەبەكانەوە بە پاڵ پشتی حشدی شعبئ و سوپای عێراقی ئەمە لە تازە ترین دیمەنیدا ناوچەی پەلكان و سەرگەران ، 

لێرەوە دەكرێ بپرسین گەلۆ رەزی كورد بوون لە كوێستان زیاتر لە چارەكە سەدەیەكە چ ترێ یەكی بەرهەم هێنا تا شەرابەكەی كوردانی گەرمیان مەستی سەربەخۆیی و جیابونەوە لە عێراق بكات .

دانا رەشید