شارپرێس ئەو دۆسێیانە ئاشكرادەكات عەبدولمەهدی‌و ئەردۆغان لەسەری رێككەوتوون

عیراق

16/05/2019‌ 3100 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عادڵ عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەمیانی سەردانەكەی بۆ ئەنقەرەو كۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا، لەسەر چەند دۆسییەك رێككەوتوون.

عادل عەبدولمەهدی رۆژی چوار شەممە سەردانی ئەنقەرەی كردو لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان كۆبوونەوەی كرد، كە بەقسەی ئەندامێكی شاندی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەردوولا لەسەر چەند پرسێك رێككەوتوون.

ئەندامی شاندەكە، قسەی بۆ شارپرێس كردو داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوەو لەبارەی دۆسییەكان ئاشكراكرد، ئەردۆغان‌و عەبدولمەهدی لەسەر كردنەوەی دەروازەی پێشخاپوور لەنێوان عێراق‌و توركیا رێككەوتوون.

هەروەها ئاشكرایكرد، كە لەگفتوگۆكان باسی بوونی سەربازگەی توركیا لەبەعشیقەو بوونی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە لەمەخمورو شنگال‌و چاكردنەوەی بۆری نەوتی كەركوك جەیهان‌و كردنەوەی دوو كونسوڵخانەی توركیا لەنەجەف‌و كەركوك، لەگەڵ رێككەوتن لەسەر چەند دۆسییەكی بازرگانی‌و كشتوكاڵی.

هاوكات دوی كۆبوونەوەی نێوانیان سەركۆماری توركیاو عادل عەبدولمەهدی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشیان سازكردو لە میانی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: "جەختمان لەوەكردەوە دووبارە بنیاتنانەوەی عێراق، گەشەپێدانی ئەو ناوچانەی زۆرترین زیانیان لە داگیركاری داعش بەركەوتووە و دامەزراندنی رێڕەوێكی بازرگانی، كە تا باشووری عێراق درێژ ببێتەوە، لە كارە لەپێشینەكانمانن".

هەروەها رایگەیاند، ئاماژەمان بە گرنگیی هەرچی زووی خستنەوە سەركاری بۆری نەوتی كەركووك-جەیهان كرد كە لەلایەن داعشەوە تێك شكاوە "بریارمان لەوە دا كە ئەنجامدانی رێككەوتننامەی هاریكاریی سەربازیی و متمانەی نێوان توركیا و عێراق، كارێكی زۆر باش دەبێت".

لای خۆشییەوە عادل عەبدولمەهدی رایگەیاند "مەحاڵە بەهیچ شێوەیەك ئەوە قبووڵ بكەین ، كە لە خاكی ئێمەوە هەڕەشەی ئەمنیی بۆ سەر خاكی توركیا درووستببێت".

هـ ـ ح