روسیا ناتوانێ هەمووان رزگار بكات.. قسەكانی پوتین بێ‌ هیواییە بۆ ئێران

جیهان

16/05/2019‌ 1125 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی روسیا رایگەیاند،  روسیا تیمی ئاگر كوژێنەوە نییە، توانای ئەوەشی نییە هەموو شتێك رزگاربكات بەتایبەتی ئەگەر بە تەنیا پشتی پێنەبەستبێت، كە ئەوە بێ‌ هیواییە بۆ شەڕی ئێران لەگەڵ ئەمریكا.

لەدوای گفتوگۆكانی روسیا- نەمسا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا پۆتین ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، چەندین جار بە ئێرانییەكانم وت دەرچوون لەم رێككەوتننامەیە سودی نییە، ئێستا بە روونی قسە دەكەم، لەسەر ئەم بابەتە زۆر قسەم كردووە، بەڵام ئێستا بزانین چی روو دەدات.

پوتین لە بەردەوامی قسەكانیدا راشیگەیاند روسیا تیمی ئاگر كوژێنەوە نییە و ناتوانێت هەموو شت رزگار بكات، ئەوانەی بەتەنیا پشتیان پێ نەبەستووە، ئێمە رۆڵی خۆمان گێڕا، ئامادەشین بەردەوامی بدەین بە رۆڵی پۆزەتیڤی خۆمان، بەڵام لەمەدا تەنیا پشت بە ئێمە نابەسترێت، بەڵكو سەرجەم هاوبەشەكانمان، ئەمە سەرجەم یاریچیەكان دەگرێتەوە لە نێویاندا ئەمەریكا و ئەوروپا و ئێران.

ماوەیەك پێش ئێستا ئێران هەندێك لە پەیمانەكانی هەڵپەسارد لە رێككەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 لەگەڵ وڵاتە زلهێزەكان، ئەمەش لە پاش ساڵێك هات لە بڕیاری كشانەوەی ئەمەریكا لەو رێككەوتننامەیە، بە گوێرەی ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو.

تاران ئەم بریارەی بە شێوەیەكی فەرمی بە بالوێزانی ئەو وڵاتانە راگەیاند كە تاكو ئێستا پایەندن بە رێككەوتنەكەوە، ئەوانیش ئەڵمانیا و چین و فەرەنسا و بەریتانیا و روسیان.

سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترامپ سزای ئابوری بە دوو قۆناغ بەسەر تاراندا سەپاند، لە مانگەكانی ئاب و تشرینی دووەمی 2018؛ سزاكان چەندین كەرتی گرتەوە لە نێویاندا كەرتی نەوت.

سەرچاوە: Sputnik news
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا