شارپرێس:
رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا بێزاری خۆی بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی شارهوانییهكانی توركیا دەردەبرێت و دەڵێت حزبەکەمان سکی خەڵکی تێرکرد ، بەڵام ئەوان لە ئەستەنبوڵ دەنگیان بە ئۆپۆزیسیۆندا.
رۆژنامەی رۆژانەی "جمهورییەت', باس لەوە دەکات کە لەکۆبوونەوەیەکی نێوان ئەردۆغان و بەرپرسانی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار لەسەر دەنگدانی دەنگدەرانی کورد لە ئەستەنبوڵ بە پاڵێوراوی ئۆپۆزیسیۆن ، ئەردۆغان گوتوویەتی " چەند دەنگمان لە سوڵتان بیلی بەدەستهێناوە ؟ گەلێک خزمەتگوزاریمان پیشکەشی ئەوێ کردووە ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئۆپۆزیسیۆن ١٥%دەنگەکانی لەوێ بەدەستهێناوە".
گوتووشیەتی " چیتر سەیری سکی خەڵک ناکەین ، بەڵکو سەیری سەرەکانیان دەکەین ... سکی هەموو کەسمان تێر کرد ، ئەوەش ئەنجامەکەیەتی ".
بەپێی قسەی رۆژنامەکە لەکۆبوونەوەی ئەردۆغان و بەرپرسانی پارتەکەیدا، ئەردۆغان گوتوویەتی " خواردنتان بەخەڵک بەخشی ، هەموو پێداویستییەکانتان بۆ پڕکردنەوە ، بەڵام هێشتا ئامادە نین دەنگتان بدەنێ".
ئەو لێدوانەی ئردۆغان توورەیی و بێزاریەکی فراوانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان درووست کردووە ، بەجۆرێک بەکارهێنەرانی ئەو تۆرە کۆمەڵایەتییانە دەڵێن " سوڵتان ئێمەی تێر نەکردووە ، بەڵکو ئەوان زیاتر دەوڵەمەندتر بوون و ژمارەی هەژارەکانیش زیاتر بووە".
بەپێی داتافەرمییەکان ملیۆنان هاوڵاتی تورک لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین ، داتاکانی پەیمانگای ئاماری تورکی دەڵێت لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠١٩ ژمارەی بێکارەکان لە تورکیا گەیشتۆتە ٤،٧٣ ملیۆن کەس ، ئەوەش بەڕێژەی ١،٣٧ لەهەمان مانگی ساڵی پێشووتر زیاترە.
لەگەڵ نارەزایەتییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان ، بەڵام کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بڕیاریدا کە دووبارە پرۆسەی دەنگدان بۆ شارەوانی ئیستەنبوڵ بەرێوە بچێتەوە ، کە پیشتر ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو پاڵیوراوی پارت گەلی کۆماری سەرکەوتنی بەدەستهینابوو.
بۆیە وابڕیارە رۆژی ٣ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠ جارێکی تر هەڵبژاردن بۆ شارەوانی ئیستەنبوڵ بکرێتەوە ، چاودێرانیش پێیان وایە بەهۆی ئەو هەموو توورەیی و بێزارییەی خەڵک لە سیاسەتەکانی پارتی داد و گەشەپێدان هەیە ، ئەنجامەکان لە بەرژەوەندی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان دووبارە ببێتەوە.
وەرگێرانی: ئاکۆ عەبدوڵلا ئاڵی