دەستوەردان لە هەموو بڕیارێکدا دەکات
بە"حوکمەتی شاراوە"خامنەئی كۆنترۆڵی دەسەڵاتی ئێران دەکات

جیهان

11/06/2019‌ 749 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لە کۆبونەوەی وەزیرەکانی حوکمەتدا لەگەڵ خامنەئی ڕابەردا هەمیشە چەند کەسێک دەبینرێن کە لە ڕیزەکانی پشتەوەدا دانیشتون و وەک چاودێر لە کۆبونەوەکاندا دەردەکەون، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوانە ئەندامی "حوکمەتی شاراوە"ن کە لەپشتی پەردەوە حوکمی ووڵاتەکە دەکەن.

ڕابەری باڵا کۆمەڵێک ڕاوێژکار و کەسی نزیکی لە دەوری خۆی کۆکردۆتەوە کە هەژمونیان لە دەسەڵاتی ڕەهای ڕابەرەوە سەرچاوەدەگرێ و ئەوان ئەڵقەیەکی نزیکن کە جڵەوگیری داڕشتنی سیاسەتەکان و جێبەجێکردنیان دەکەن بەبێ ئەوەی هیچ پابەندبونێکیان بە پەرلەمانەوە هەبێت کە دەسەڵاتی لێپێچینەوەی  وەزیرەکانی حوکمەتی هەیە.


بە پێی ڕادیۆی(فاردا)ی ئەمێریکی کە تایبەتمەندە بە  ڕوماڵکردنی پرسی ئێران ئەمە تۆڕێکی ئاڵۆزی فرە چینە لە ڕاوێژکارە نزیکەکانی ڕابەر لە سەرجەم بوارەکانی سیاسەت و ئاسایش و ئابوری و ڕۆشنبیری.

ئامانجی ئەم تۆڕە ڕاوێژکارە کە لە ساڵی ۱۹۹۹ وە دەستکراوە بە پێکهێنانی قایمکردنی دەسەڵاتی ڕابەرە بەسەر سەرجەم جومگەکانی دەوڵەتدا بەجۆرێک کە هیچ حوکمەتێک لەو چوارچێوەیە دەرنەچێت کە ڕابەر دیاریکردووە.

لەڕیزی پێشەوەی ئەم دەستە ڕاوێژکاریە چەند کەسایەتیەکی دیار و کاریگەر هەن لەوانە جەنێراڵ عەلی شەهبازی سەرۆکی ئەرکانی پێشوو و عەلی تەسخیری ڕاوێژکاری کاروباری ئیسلامی و حسەین دەهجان ڕاوێژکاری سەربازی کە پێشتر ماوەیەکی زۆر وەزیری بەرگری بوە و هەروەها ڕاوێژکاری سەربازی حسەین فەیروزئابادی کە پێشتر سەرۆکی گشتی هێزەچەکدارەکان بوە، و ئەم دەستە جێبەجێکارە عەلی ئەکبەر ویلایەتیش لەخۆدەگرێ کە ڕاوێژکاری ڕابەرە بۆ کاروباری نێودەوڵەتی کە پێشتر ماوەیەکی زۆر وەزیری دەرەوە بوە و هەروەها غوڵام عەلی حەداد کە ئەندامی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ڕۆشنبیریە لە ئێران.

شایانی باسە دەستوری ئێران کۆمەڵێ دەسەڵاتی شێوە ڕەهای بە ڕابەری باڵا بەخشیوە کە لە نێویاندا:سەرپەرشتیکردنی دیاریکردنی سیاسەتە گشتیەکانی دەوڵەت و هەروەها سەرۆکی باڵای هێزەچەکدارەکانە سەرباری دامەزراندنی سەرکردە باڵا سەربازی و ئەمنیەکان و دەسەڵاتی ڕاگەیاندنی جەنگ و دامەزراندنی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و سەرۆکی دامەزراوەی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆن.


لە دەسەڵاتەکانی تری ڕابەر وەک دیاریکردنی نیوەی ئەندامانی ئەنجومەنی پاراستنی دەستور و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی هێزەکانی گاردی کۆماری و پەسیج و ڕاستاندن(موسادەقە)ی لێهاتویی  کاندیدەکان بۆ بەشداربون لە هەڵبژاردنەکاندا پاش ڕەزامەندی ئەنجومەنی پاراستنی دەستور.

ئەو دەسەڵاتانەش زۆر بە ڕوونی دەسەڵاتی شێوەڕەهای ڕابەر دەردەخەن بەسەر دەسەڵاتی سیاسی ووڵاتدا و تەنانەت دەسەڵاتی لە سەرکارلابردنی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ووڵاتیشی هەیە پاش بڕیاری دادگای باڵا و وەرگرتنی ڕای پەرلەمان.

لە بەرامبەردا سەرۆکی ووڵات کۆمەڵێک دەسەڵاتی دیاریکراوی هەیە لە نێویاندا ڕێکخستنی هەماهەنگی کاروباری ئەنجومەنی وەزیران و گەڵاڵەکردنی پرۆژە یاساکان پێش ڕەوانەکردنی بۆ پەرلەمان و هاوکات لەگەڵ وەزیرەکاندا ئەرکەکانی جێبەجێکردن   بەڕێدەکەن کە لەدەرەوەی دەسەڵاتەکانی ڕابەردان.


هاوکات سەرۆکی ووڵات لێپرسراوە لەبەردەم گەل و پەرلەمانی ئێران و ڕابەری باڵا و هاوکات ئیمزای ئەو ڕێکەوتننامە و گرێبەستانەش دەکات کە حوکمەت ئەنجامی ئەدات و هەر خۆی سەفیرەکانیش دادەمەزرێنێت.

نوسینگەی ڕابەری باڵاش لەڕێی ڕاوێژکارەکانیەوە پەیوەندیەکی بەردەوامی بە تۆڕی دامەزراوە سەربازی و ئەمنی و ڕۆشنبیری و ئابوری و سیاسیەکانەوە هەیە و لەڕێی ئەو تۆڕی پەیوەندیەوە خامنەئی ئیدارەی سەرجەم دامەزراوەکانی حوکمەت دەکات و هاوکات خامنەئی دەسەڵاتێکی میدیایی بەهێزی هەیە کە جڵەوی دامەزراوەکانی ڕاگەیاندنی لە دەستدایە.

بەم شێوازە خامنەئی زامنی جڵەوگیری دەسەڵاتی ووڵات دەکات لە کاتێکدا سەرۆکی ووڵات تەنها دەبێتە کارمەندێکی جێبەجێکار.

ئەوانە و خامنەئی دەستوەردان لە دامەزراوەی یاسادانانیش دەکات ئەوەش لەلایەن چاودێرانەوە تێبینیکراوە کە چۆن لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردودا ئەندامانی خێزانەکەی بەتایبەت موجتەبی کوڕی ڕابەر دەستیوەرداوەتە بواری یاسادانان و حوکمڕانی.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەی ڕادیۆی(فاردا)دا هاتوە "ئەو دەسەڵاتە زۆرانە قودرەتی ئەوە دەداتە حوکمەتی شاراوە کە دەستوەردان لە هەموو بڕیارێکی حوکمەتدا بکات کە لەمەڕ ڕەسمی سیاسەتە بنەڕەتیەکان و سیاسەتە ئابوریەکان ئەنجامی دەدات تا دەگات بە بچوکترین بڕیاری جێبەجێکردن.  


سەرچاوە :sKy news / عربی
وەرگێڕان :بەرزان حەمەخورشید