پارتی لەسەر مەحمود سەنگاوی رەخنەی توند لەیەكێتی دەگرێت

کوردستان

19/06/2019‌ 2999 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكرات، بەفەرمی وەڵامی مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی دایەوەو بەو هۆیەشەوە رەخنەی لەحیزبەكەی گرت.

پارتی لەبەیاننامەیەك وەڵامی ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی داوەتەوەو تێدا رایگەیاند: بە پشوو درێژی پارتی و مەسعود بارزانی و، بە ھەوڵ و ھیمەتی ھەمووان، زەمینەی لێك تێگەیشتن و پێكھاتن لەسەر كۆی پرس و بابەتەكان ھاتووتە ئاراوە و گرێ كوێرەكان كراونەتەوە و ھەنگاوەكانی پێكھێنانی كابینەی نۆیەم گەیشتوونەتە دوا قوناغ ، كە دەمێكە خەڵكی كوردستان چاوەروانی دەكەن بۆ رۆژانێكی باشتر و ئیستقراری سیاسی و ئابوری. 

مەكتەبی سیاسی پارتی راشیگەیاند، لەو كاتەدا كە ناوچەكەو دەوروبەرمان لەبەردەم پێشھات و ئەگەری جۆراوجۆردان كەپێكەوەبوون و كاركرنی ھاوبەش لە ھیزە سیاسییەكان چاوەروان دەكرێت، كەسێكی وەكو مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی (ی.ن.ك) نەك ھەر نامسئولانە خۆی دەكاتە دەمڕاستی یەكێتی، بەڵكو بەریشدەدرێتە پارتی و رەمزی كوردستانمان.

پارتی جەختیكردووەتەوە، كە خەڵكی كوردستان چاوەروانی موژدەی خۆش و قسەی خێر و ھەنگاوی جدی و گوتاری عەقلانی لە ھەموو لایەك دەكەن، كەچی كەسێكی نا سیاسی و نەزان بە زمانێك قسە دەكات، كە ئەگەر ھەر لە قاموسی بێ پەروەردەییدا ھەبن، ناوەخت و بێ بیانوو بەسەر پارتیدا دەرشێتەوە، كە تەنیا خوێندنەوە بۆ ئەم جورە رەفتارەی ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەم رەوشە ناسكدا، كە ناوچەكەی پێدا تێدەپەرێت بكرێت، تێكدانی ئیستقرار و یەك دەستی و یەكگرتوویی كوردستان و ئاشوب نانەوەیە دژ بە بەرژەوەندی نیشتمانی و نەتەوەییمان و ھیچ تەفسیرێكی دیكە ھەڵناگرێت.

هەروەها رایگەیاندووە، ئەم جۆر و كەسانەی ناو رێزەكانی (ی.ن.ك)، كە بە پیاوكوژ و كەڵەگایی لە خەڵكی ھەژار و قاچاخچیەتی و رۆژنامەنووس كوژ و مافیایانە ناسراون، لەپێكھێنانی حكومەتێكی بەھێز دەترسێن، كە رێگایان لی بگرێت لە كەڵەگایی و ناوچەگەری و رەفتارە مافیاییەكانیان.

مەكتەبی سیاسی پارتی نیگەرانی خۆی راگەیاندووە بەوەی، بەداخەوە رەوشی ناوخۆی (ی.ن.ك) بەم رۆژە گەیشتووە، كە لە مستەوای مەكتەبی سیاسیدا ھەریەكە و بە ئاوازێك بخوێنێ و داوا جاریش خیتابی سیاسی خەریكە بكەوێتە لای جنێوفرۆش و دەم ھەڕاشەكان و مەكتەبی سیاسی یەكێتیش ھەر بەوەندە ئیكتفابكات، كە زۆر بەشەرمنانە قسەكانی مەحمود سەنگاوی بە قسەی یەكێتی نەزانێ لەجیاتی ئیدانەكردن و ئیجرائات وەرگرتن.

ئەوەشی راگەیاندووە "ئێمە لە پارتی دیموكرات چاوەروانیمان لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەوەبوو ھەڵوێستیان بەرانبەر بەو بێڕێزیەی كراوە ھەبێت و رێگە لەو جۆرە عەقلیەتانە بگرن كە ھەوڵی شەرنگێزانە و فیتنە نانەوە دەدەن و رێگا لەوانە بگرن كە بە راسپاردە و فیتی خەڵكی دیكە ھەڕەشە لە یەك پارچەیی خاكی كوردستان دەكەن، دڵگرانیشین، كە ئەو جۆرە كەسانە ببنە قسەكەر و مدافعی یەكێتی و حەیف بۆ ئەو ھەموو خەبات و قوربانیدانەی خەڵكی كورداستان، كە خیتابی سیاسی كەم و زۆر بكەوێتە لای نەزان و جنێوفرۆش و ئەوانەی لەخەمی نیشتمان و نەتەوەدانین جگە لە ئەنجامدانی راسپاردەكان".

مەحمود سەنگاوی لەدواین دەركەوتنی لەتۆمارێكی ڤیدیۆیی قسەی كردو رەخنەی توندی لەمەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی گرت‌و هێرشیشی كردە سەر، كە ئەوە كاردانەوەی توندی بەدوای خۆی هێناوە.

هـ ـ ح