وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌: ھەرێم ئەو توانا سەربازییەی نییە نەھێڵێت تورکیا ناوچە سنوورییەکان بۆردومان بکات

کوردستان

07/07/2019‌ 943 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایگه‌یاند، حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو توانا سەربازییەی نییە کە نەھێڵێت تورکیا ناوچە سنوورییەکانی بۆردومان بکات.

جه‌بار یاوه‌ر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند، "لەبارەی ئەو تۆپبارانانە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە رووی یاسایی و دەستوورییەوە ناتوانێت نە ھیچ رێککەوتنێک لەگەڵ وڵاتێکی دراوسێی سەر سنوور بکات نە توانای شکایەتکردنی ھەیە لە دام و دەزگا نێو نەتەوەییەکان، نە ئەو توانا سەربازییەی ھەیە کە نەھێڵێ سنووری ھەرێمی کوردستان بۆردومان بکرێت".

راشیگه‌یاند، "حكومه‌تی هه‌رێم تەنانەت زانیاری ئەوەشی لا نیە کە بزانێت کەی فڕۆکە دێت و کوێ بۆردوومان دەکات و ھی چ وڵاتێکیشە، بۆیە ھەر لەبەر ئەم ھۆکارانە بەیاننامەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەم شێوەیەن."
 
لە کۆبوونەوەکەی شه‌مه‌ی پەرلەمانی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی چەند پێشنیارێکی یاسایی، ئیدانەی بۆردومانی ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی تورکیاوە کرا و پەرلەمان داوای ئەوەی لە حکومەتی عێراق ھەبوو کە سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان بپارێزێ و زیانلێکەوتوانیش قەرەبوو بکرێنەوە.

لەبارەی ئەوەی بۆچی لە بەیاننامەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان زۆرتر ئیدانەی پەکەکە دەکرێت و ئیدانەی تورکیا ناکرێت، جەبار یاوەر رونیكرده‌وه‌، "ئێمە وەک وەزارەتی پێشمەرگە ھیچ بەیاننامەیەکی فەرمیمان نەبووە، بەیاننامەکان لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە دەردەچن، ھەردوو سەرۆکایەتییەکە بەیاننامەیان دژ بە تۆپبارانکردنی سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان دەرکردووە و داوا کراوە تۆپباران و بۆردومانەکان نەبن بە ھۆکاری شەھیدکردنی خەڵکی سڤیل".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "ئەوەی کە دەبینرێت بیانووی تورکیا بۆ تۆپباران و بۆردومانەکانی سنوور و ئەنجامدانی کردەی سەربازی، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ململانێ توندوتیژە سەربازییەی لە نێوان پەکەکە و تورکیادا ھەیە، کە ئەمەیش مێژوویەکی کۆنی ھەیە و لە ناوەڕاستی ھەشتاکانەوە تاوەکو ئێستا بەردەوامە و بێ چارەسەر ماوەتەوە، بۆیەش زۆرتر لە بەیاننامەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا باس لەو بیانووەی تورکیا دەکرێت کە پەکەکەیە".
ه.م

بەپەلە